وەزارەتی کار: 1700 کرێکاری خانەنشین مووچە وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیێنێت، ژمارەی کرێکارە دەستەبەرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 307 هەزار کەس ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 36 ملیار دینا وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بە کرێکاران دراوە.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو، رایگەیاند: "لە ساڵی 2019 تەنیا 84 هەزار کرێکار دەستەبەر کرابوون، بەڵام ئێستا لە ئایاری 2026دا گەیشتووینەتە 307 هەزار کرێکار و 67 هەزار پڕۆژەش هاتوونەتە ناو سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە."
سەبارەت بە پاراستنی مافە داراییەکانی کرێکاران، مەریوان بەگۆک گوتی سندوقی خانەنشینی کرێکاران "تەمویلی خودییە" و پارەکەی تەنیا بۆ کرێکارانە. گوتیشی: "تەنیا لە ساڵی 2025دا 36 ملیار دینار وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بە کرێکاران دراوە؛ ئێستا 1700 کرێکاری خانەنشینمان هەیە کە مانگانە بێ دواکەوتن مووچەکانیان وەردەگرن."
لەبارەی چارەنووسی یاسای نوێی کار، بەڕێوەبەری گشتیی کار ئاماژەی بەوە کرد، یاساکە هەموو قۆناخەکانی تەواو کردبوو، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان، واژۆی کۆتایی لەسەر نەکرا. گوتیشی: "پلانی وەزارەت ئەوەیە لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی پەرلەمان، رەشنووسی هەردوو یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێردرێنەوە بۆ پەسندکردن."
وەزارەتی کار داوا لە کرێکاران دەکات لە کاتی هەر پێشێلکارییەک پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (5500)ەوە بکەن. مەریوان بەگۆک دەڵێت، تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 600 سکاڵا گەیشتووەتە دەستیان و جەختی کردەوە: "خاوەنکار ناتوانێت بە ناحەق کرێکار دەربکات تەنیا لەبەر ئەوەی سکاڵای کردووە؛ یاسا زۆر تووندە و ئێمە پارێزگاری لە مانەوەی کرێکارەکە دەکەین."
کەمکردنەوەی دەستی کاری بیانی
سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 172ی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دیاریکردنی رێژەی 75% بۆ دەستی کاری ناوخۆیی، بەڕێوەبەری گشتیی کار رایگەیاند، لێژنەکانیان بە وردی چاودێری پڕۆژەکان دەکەن و هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و ئەگەر پێویست بکات شوێنەکەشی دادەخەن.
مەریوان بەگۆک سەبارەت پرسی کرێکارانی ناوماڵ و ئافرەتانی بیانی، گوتی، بەشێک لە کۆمپانیاکانی هێنانی کرێکاری بیانی مامەڵەیەکی نایاسایی و نامرۆڤانە دەکەن کە دەچێتە چوارچێوەی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ". گوتیشی :"هەندێک کۆمپانیا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکان سزا دراون و داخراون، ئێستاش کار بۆ رێکخستنەوەی رێنماییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەم کەرتە بە شێوەیەکی یاسایی تر رێکبخرێتەوە."