ئەڵمانیا بۆ رووداو: لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 135 کەس بۆ عێراق دیپۆرت کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لە 3 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 135 کەس بۆ عێراق دیپۆرت کراونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە لە ئەستۆی حکومەتی ویلایەتەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ دایە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، رۆژی پێنجشەممە، 7-5-2026، ئامارەکانی دیپۆرتکردنەوەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لە ماوەی نێوان 1ـی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 31ـی ئاداری 2026، 135 عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە."
سەبارەت بە ژمارەی کورد و کوردانی ئێزدی لە نێو دیپۆرتکراوەکاندا، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکە هیچ زانیارییەکی نەدا و رایگەیاند کە "ناسنامەی نەتەوەیی لە ئامارە بنەڕەتییەکانی فیدراڵدا تۆمار ناکرێت." بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، پێدانی مافی مانەوە و جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بەرپرسیارێتیی ویلایەتەکانە.
لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ـدا 328 کەس دیپۆرتکراونەتەوە
حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە وەڵامێکی فەرمیدا بۆ فراکسیۆنی چەپەکان، ئامارەکانی 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2025ـی خستبووە روو. بەپێی ئەو ئامارانە، لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و حوزەیرانی 2025ـدا، 328 کەس بۆ عێراق گەڕێندراونەتەوە، کە 18ـیان مێردمنداڵی خوار 18 ساڵ بوون.
حکومەتی ئەڵمانیا جەخت دەکاتەوە کە ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە دەگەڕێنێتەوە کە مافی مانەوەیان لە وڵاتەکەدا نییە و بە شێوەیەکی فەرمی ناچارن وڵات جێبهێڵن.
هەروەها بەرلین بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ هاوکاریی دووقۆڵی لە بواری کۆچبەری، بەتایبەتی هاندانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و دووبارە بونیاتنانەوەی ژیان لە رێگەی ئەو پڕۆگرامانەی ئەڵمانیا یان یەکێتیی ئەورووپا پێشکێشی دەکەن.