دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی بەڕێوەچوو. یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهوور شێخ جەنگی گوتی: "دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی داهاتوو بۆ رۆژی 14-5-2026 دوابخات".
رۆژی پێنجشەممە، 07ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 9:15ـی بەیانی ئەمڕۆ دانیشتنی دادگا دەستیپێکرد، تۆمەتباران ئامادەبوون و دانیشتنەکە کاژێرێک و 15 خولەکی خایاند، بەڵام بەهۆی زۆریی پەڕاوەکانی دۆسیەکەوە، دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی داهاتوو بۆ رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، واتا 14ـی ئایار دوابخات."
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمجارە دانیشتنەکە زوو کۆتایی هات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دادگا لەژێر چاودێرییەکی تووندی ئەمنیدا بوو گوتیشی: "ئەمجارە دانیشتنەکەی ئێمەیان پێشخست".
کێشەی یاسایی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاژێری و رووبەڕووبوونەوە، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی. ئەوەش دوای ئەوە هات کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردەوە خۆی رادەست بکات. لەو هێرشەدا لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.
دواتر و لە رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام لەو دانیشتنەدا دادوەر بڕیاری کۆتایی نەدا و رایگەیاند کە بۆ وردبینیی زیاتر، دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.