سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکشەممە داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرجەم رێکارەکانی ناردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا تەواو کردووە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکەش دەڵێت: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو پارەکە رەوانە دەکرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 07ـی ئایاری 2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە نووسراوی فەرمیی بڕی داهاتی نانەوتیمان بۆ بەغدا ناردووە؛ ئێستا چاوەڕێی رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵین لەسەر 50%ـی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان، بۆ ئەوەی پشکی بەغدا رەوانە بکەین."
 
لەبارەی بڕی ئەو داهاتەی بڕیارە رەوانە بکرێت، ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، کە کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینار بووە، "لەو بڕەش نزیکەی 52 ملیار دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت".
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتیشی: "هەموو رێکارەکان کۆتاییان هاتووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، نزیکەی 52 ملیار دینارە وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
 
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.
 
لەبارەی پرسی مووچە و داهاتەکان، رۆژی 2ـی ئایاری 2024، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، دڵنیایی دا کە پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و گوتی: "مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت و داهات نابێتە کێشە."