دوو مەلەوانگەی ئاوی گۆگردی لە باسرمە کراونەتە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ

 
رووداو - شارۆچکەی باسرمە

شەش ساڵە دوو مەلەوانگەی تایبەت بە ژنان و پیاوان لە گوندی گڕاوی خەیلانیان دروستکراون، لەدوای تەواوبوونی پرۆژەکە مەلەوانگەکان لەلایەن مێردمنداڵانی گوندەکەوە تێکدراون؛ ئێستا ئەو دوو مەلەوانگەیە بوونەتە شوێنی ئاژەڵ و باڵندەکان.
 
سەرچاوەی ئاوی مەلەوانگەکان دوو کانیاوی گوندەکەیە کە گۆگردی تێدایە، ئەو تایبەتمەندییە وای لە کاربەدەستانی ئیدارەی هەولێر کرد مەلەوانگەی تایبەت بە پیاوان و ئافرەتان لە گوندەکە دروستبکەن، بەڵام بێ پاسەوانی چارەنووسی مەلەوانگەکانی بەو دەردە گەیاند.
 
دروستکردنی ئەو مەلەوانگانە بۆ راکێشانی گەشتیاران بوو بۆ ناوچەکە، بەڵام دانیشتووانی گوندەکە نەیانتوانیوە وەکو پێویست سوود لەم سەرچاوە سرووشتیە وەربگرن.
 
بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سەرچاوەی ئاوی مەلەوانگەکان لەلایەن ئاژەڵدارانەوە، ئاژەڵی تێدا دەشۆردرێت.
 
مەلەوانگەکان بە گوژمەی 460 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دروستکراون، حکومەت نۆژەنکردنەوەی مەلەوانگەکانی گوندی گڕاوی خەیلانیانی سەر بە شارۆچکەی باسرمەی خستووەتە پلانی کارکردنیەوە.
 
نەبەز عومەر، بەڕێوەبەری شارۆچکەی باسرمە رایگەیاند، ساڵی داهاتوو ئەگەر بارودۆخی دارایی باش ببێت، پرۆژەیەکی سەرەکییان نۆژەنکردنەوەی ئەو مەلەوانگانە دەبێت.
 
رۆژانە خەڵک بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش سەردانی گەڕاوەکانی گوندی گڕاوی خەیلانیان دەکەن کە 20 کانی لە گوندەکەدا هەن و بێ خزمەت ماونەتەوە.