گفتوگۆ لەبارەی كردنه‌وه‌ى كۆنسوڵخانه‌ى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان لەگەڵ هه‌ڵسوڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ‏ئازه‌ربايجان له‌ عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کردنەوەی كۆنسوڵخانه‌ى ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد. 
 
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 07-06-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان لە هەولێر له‌گه‌ڵ نه‌سير مه‌مه‌دۆف، هه‌ڵسوڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ‏ئازه‌ربايجان له‌ عێراق کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە "بره‌ودان" به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان له‌گه‌ڵ ئازه‌ربايجان کردووە. 
 
هه‌ردوولا، بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هاوڕابوون کە زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌تى "باش" هه‌ن بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان ‏به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى، بازرگانى و گه‌شتياريدا. 
 
رۆژی 18-2-2023، سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند، كار له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى كۆنسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌ولێر ده‌كات. 
 
لە کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و نه‌سير مه‌مه‌دۆفدا باس له‌ ‏ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى كردنه‌وه‌ى كۆنسوڵخانه‌ى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان ‏و رێكاری‌ پێویست لەو بارەیەوە كرا. 
 
رۆژی 18-02-2023، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایش لە میونخ لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازربایجان کۆبووەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی، هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئازربایجان کردووە. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەو کاتەدا، سەرۆکی ئازربایجان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد؛ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێچيرڤان بارزانى و نه‌سير مه‌مه‌دۆفیشدا باس لە سەردانەکە کرا. 
 
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رەکانى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوون.