ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7-6-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا چوار تەوەر تاوتوێ دەکرێن:
تەوەری یەکەم، تایبەت دەبێت بە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە.
تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە کاتێکدایە، کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دیاریکراوە کە سبەی پێنجشەممەیە، بەڵام هێشتا کۆی پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و رێنمایی نوێی شارەوانی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، تەوەری سێیەم، تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دیاردەکانی سیمکارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراو و چەکی بێ مۆڵەت.
دوایین تەوەر کە باسی لێوە دەکرێت بریتییە لە بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و لابردنی زێدەڕۆییەکان.