سبەی فەریزەی حەج کۆتایی دێت و دواتر گەڕانەوەی حاجییان دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی دوایین رێوڕەسمە ئاینییەکان بەڕێوەدەچن؛ زانیاریش لەبارەی کاتی گەڕانەوەی حاجییان دەخاتەڕوو.
 
رۆژی شەممە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سوپاس بۆ خودا، هەموو شتێک باشە و ئەم ساڵ هیچ حاجییەکی هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیانی لەدەستنەداوە".
 
شەوی رابردوو حاجییان لە مینا مانەوە. نەبەز ئیسماعیل کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵە گوتی: "حاجییان ئەمشەویش لە مینا دەمێننەوە و سبەی کاژێر 14:00 بۆ دوایین جار ئەهریمەن بەردباران دەکەن و کۆتایی بە رێوڕەسمەکان دێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە بۆ رووداو قسەی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنیا رێکارێک مابێت ئەوەیە کاتێک حاجییان دەگەڕێنەوە، بە چەند کاژێرێک پێش گەڕانەوە دەچن تەوافی ماڵئاوایی دەکەن".
 
ئەم ساڵ ئەوانەی بە رێگەی وشکانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج چوونە سعودیە، هەزار و 646 هاونیشتمانی و ئەوانەشی لە رێگەی ئاسمانییەوە چوون ژمارەیان سێ هەزار و 490 کەسە.
لەبارەی کاتی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "دەسەڵاتی گەڕانەوە لای عێراقە، بەڵام بەگوێرەی زانیاری ئێمە، گەڕانەوەی گەشتی ئاسمانی نێوەڕاستی ئەم مانگە دەستپێدەکات و گەشتی وشکانیش کەمێک لەو وادەیە زووتر دەبێت".
 
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.