شەش بەڕێوەبەرایەتی لە سلێمانی و گەرمیان مووچەیان وەرنەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتەکانی شارەوانی، کارەبا، ئاوەدانکردنەوە، رۆشبیری و خوێندنی باڵا و بەشێک لە خانەنشینانی شارستانی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە 07-07-2022 ئاری رەباتی، خەزنەدار لە بانکی تانجەرۆ بە رووداوی راگەیاند، "لە بانکی ئێمە تاوەکو ئێستا پۆلیسی کارەبا، رۆشنبیری و بەشێک لە خانەنشینان مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵێنێش نەدراوە کە پارەمان بۆ بنێرن، ئەوەی هەیە دەڵێن ئەمڕۆ بەشێک لە خانەنشینانی پیشمەرگە مووچە وەردەگرن." گوتیشی، "خانەنشینان تەنیا لە بانکی ئێمە دوو ملیار و 600 ملیۆن دینار مووچەیانە، بەڵام تاوەکو ئێستا 600 ملیۆن دیناریان بۆ خەرجکراوە."
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاربوو سێشەممە 05-07-2022 خانەنشینانی شارستانی، وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیری و لاوان و کارەبا، مووچەی مانگی حوزەیران وەربگرن.
لەبارەی مووچەی خانەنشینان، رۆژی چوارشەممە، لەشکر ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان گوتی، "لەگەڵ خەزێنەی پارێزگای سلێمانی قسەم کردووە و پێیان گوتووم، گرفتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەر بووە و چوارشەممە 06-07-2022 مووچەکانیان وەردەگرن. پەیوەندیم بە بانکی هەرێم لە سلێمانیش کردووە و گوتیان هەموو هەوڵێک دەدەن مووچەی خانەنشینان دابین بکەن."
تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانیش مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمڕۆ فەرەیدوون عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئاگادار نین کەی مووچە وەردەگرین و هیچ شتێکمان پێ نەگوتراوە؛ ئەوەی هەیە دەڵێن، چاوەڕوانبن."
لە رۆژی سێشەممەوە، 05-06-2022 لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش گرفتی دابەشکردنی مووچە دروستبووە و هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک مووچەی وەرنەگرتووە تەنیا خانەنشینان نەبێت.
ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان بە رووداوی گوت، "جگە لە خانەنشینانی شارستانی، هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک لە گەرمیان لە رۆژی سێشەممە 05-07-2022ەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، تاوەکو ئێستاش دیار نییە کەی مووچەکانیان وەردەگرن."
بەپێی ئەو خشتەیە بێت کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دەبووایە رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و شارەوانی مووچەی مانگی حوزەیران وەربگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان مووچەکانیان وەرنەگرتووە.
لەیلا عەبدولڕەحمان، خەزنەدار لە بانکی بەختیاری بە رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی لە بانکی بەختیاری مووچە وەردەگرن، بەڵام دوێنێ پارە نەبووە، هەربۆیە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئێستا لە بانکی هەرێمم بۆ وەرگرتنی مووچەی شارەوانی، بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە، ئەوان دەڵێن دابینی دەکەن، ئێمەش درەنگێکیش بێت بە دەستمان بگات دابەشی دەکەین."
لەبارەی مووچەی بەشێک لە خانەنشینان کە لە بانکی بەختیاری مووچە وەردەگرن گوتی، "ئێمە مووچە دابەشدەکەین، بەڵام بەشێکیان درەنگ دێن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان ئەگینا دوانەکەوتووە."
لەبارەی مووچەی خوێندنی باڵا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، شەونم قادر، بەڕێوەبەری ژمێریایی بانکی زانکۆی سلێمانی، بە رووداوی گوت، "دوێنێ بەهۆی نەبوونی پارە خوێندنی باڵا مووچەیان وەرنەگرتووە."