یەکێک لە گەورەترین سەیرانگەکانی زاخۆ تیمی مەلەوانی لێ نییە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رۆژانە بە سەتان کەس روو لە هاوینەهەواری گۆفکێ دەکەن لە سنووری قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. ژن و پیاو، منداڵ و کەسانی بەتەمەن لە رووباری خابوور پێکەوە مەلە دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی تیمی مەلەوانی و رێنمایی ئاگادارکەرەوە، مەترسی لەسەر ژیانی بەشێک لەو کەسانە هەیە کە سەردانی رووبارەکە دەکەن.
 
عامر رەمەزان، قوتابییە و لەگەڵ کەسوکارەکەی چووەتە هاوینەهەواری گۆفکێ، دەڵێت، "ئەم ئاوە زۆر قووڵە، لە هەندێک شوێن تاوەکو 10 مەتر قووڵە، جگە لەوە شەپۆلی ئاوەکەش زۆر خێرایە. ئێرە شوێنێکی گەشتوگوزارییە و خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن، بەڵام پێویستە تیمی مەلەوانی لێبێت."
 
بەدرێژایی ئەو هاوینەهەوارە، هیچ تیمێکی مەلەوانی لێ نییە، بۆیە بەشێک لە دایک و باوکان خۆیان چاودێریی منداڵەکانیان دەکەن.
 
سابیر رەمەزان، پێشمەرگەیە و بە رووداوی راگەیاند، "هیچ رێنماییەک لێرە نییە، ئێرەش ئاوەکەی زۆر قووڵە و ترسناکە، بۆیە دەبێت تیمێکی مەلەوانی لێبێت."
 
ئەیوب موحسین، بە خۆبەخشی خەڵک لە مەترسیی خنکان رزگار دەکات و دەڵێت، "ئێمە شەش کەسین و بەخۆبەخشی ئەوکارە دەکەین، نەک تەنیا لێرە، لە زۆر شوێنی دیکەیش دەگەڕێین و لە هەر شوێنێک خەڵک رووی تێبکات، ئێمە لەوێین."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای وەرزی گەرمای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 13 کەس لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئاودا خنکاون.