لە پردێ دژەتیرۆر و داعش رووبەڕووى یەک بوونەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق رایدەگەیێنێت، لە سنوورى ناحیەى پردێى سەر بە پارێزگاى کەرکووک رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانى داعش روویداوە و ژمارەیەک لە چەکدارەکانی داعش کوژراون.
 
رۆژی 7ى تەمموزى 2023، دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، شەوى رابردوو ئۆپەراسیۆنێکیان لە رێگەى دابەزینى ئاسمانى لە گوندى کتکەى ناحیەى پردێ کردووە و لەگەڵ چەکدارانى داعش رووبەڕووبوونەوەى "تووند" روویداوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو پێکدادانەدا ژمارەیەک چەکدارى داعش کوژران و دواتر زانیارى ورد لەبارەى ئەو رووبەڕوبوونەوەیە بڵاو دەکەنەوە.
 
ناحیەى پردێ، ناوچەیەکى کوردستانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانە و دەکەوێتە باکوورى شارى کەرکووک و باشوورى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان.
 
بەپێی زانیارییەکانی هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو کە لە بەرپرسانی ئەمنیی کەرکووکی وەرگرتووە، لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا پێنج چەکداری داعش کوژراون.