کەسوکارەکەی: د. ئالان فەرەیدوون لە بارەگای هێزەکانی 70 دەستبەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی کەسێکی نزیک لە ماڵباتەکەی، د. ئالان فەرەیدوون، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی پێشووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و ئێستا لە "بارەگای هێزەکانی 70 دەستبەسەرە."
رۆژی هەینی، 7ـی تەمموزی 2023، کەسێکی نزیکی ماڵباتی د. ئالان فەرەیدوون، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی پێشووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی گوت: "دوێنێ د. ئالان لە پرسەیەک بووە لە سیتەک و لە کاتی گەڕانەوە و دەرچوونی لە تونێلی ئەزمڕ بەرەو سلێمانی، دوو ئۆتۆمبێلی هێزەکانی دژەتیرۆر و کۆماندۆ پێش و پاشیان لێگرتووە و دەستگیریان کردووە."
بە گوتەی ئەو کەسە، د. ئالان کە بە ناونیشانی پڕۆفیسیۆر ئێستا مامۆستای زانکۆی سلێمانییە، هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومی نییە.
ماڵباتی د. ئالان دەڵێن هەوڵی زۆریانداوە بۆ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکە بزانن، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە و تەنیا لەوە دڵنیابوونەتەوە، کە لە فەرماندەیی هێزەکانی 70ـی یەکێتی کە چەند هێزێكی دیکەشی تێدان، دەستبەسەرە.
د. ئالان فەرەیدوون، برای ئاسۆ فەرەیدوون، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر رووداوەکە، رووداو پەیوەندەی بە ئاسۆ فەرەیدوونەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوو بۆ لێدوان.