ئاگر لە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلی نەخۆشخانەیەکی کرماشان کەوتەوە؛ "6 ئۆتۆمبێل سووتان"
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی کرماشان دەڵێت، ئاگر لە گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل لە نەخۆشخانەیەک کەوتەوە و 6 ئۆتۆمبێل گڕیان گرت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کرماشان، رووداوەکە کاژێر 04:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەممووزی 2025، لە گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێلی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شارەکە روویداوە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و دەست بە کۆنترڵکردنی ئاگرەکە کرا، بەڵام "دەرکەوت 6 ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی سەمەند، رانا، پراید، پیژۆ 206 و پیژۆ 207 سووتان."
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاگرکوژێنەوە رێگرییان لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە کردووە و توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت. بەگوتەی بەرگریی شارستانیی کرماشان، لێکۆڵینەوە لە چۆنیێتیی رووداوەکە بەردەوامە.
دوێنێ یەکشەممە لە رووداوێکی هاوشێوەدا ئاگر لە شوێنی راگرتنی بارهەڵگران لە سنە کەوتەوە و ئازاد تەهماسبی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە رایگەیاند، دوو بارهەڵگر سووتان.