تاڵاوی کانی بەرازانی مهاباد مەترسی وشکبوونی لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاوی تاڵاوی کانی بەرازانی مهاباد زۆر کەمبووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ داوا دەکات بەپەلە ئاوی بەنداو بەربردێتەوە بۆ پێشگرتن لە وشکبوونی تاڵاوەکە.
 
لە سەردانێکیدا بۆ تاڵاوی کانی بەرازان، حوجەت جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، کەمبوونەوەی ئاوی تاڵاوی کانی بەرازان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەر بەخێرایی ئاوی بەنداو بەر نەدرێتەوە، وشک دەبێت. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، "بە وشکبوونی تاڵاوەکە، کارەساتی ژینگەیی روو دەدات."
 
بە گوتەی جەباری، لانیکەم دەبێ دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ ژیاندنەوەی تاڵای کانی بەرازان بەر بدرێتەوە.
 
تاڵاوی کانی بەرازان لە 30 کیلۆمەتری باکووری مهاباد و لە ناوچەی شاروێران هەڵکەوتووە. رووبەری تاڵاوەکە 910 هێکتارە و دەیان جۆر باڵندە و بوونەوەری ئاوی تێدا دەژین.
 
ئەم ساڵ لە زستان و بەهاریشدا بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی بارین، ئاوی تاڵاوەکە لە ساڵانی ئاسایی کەمتر بوو.