بەهۆی رەشەباوە کارەبای چەند گەڕەکێکی سلێمانی بڕا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رەشەبای شەوی رابردووەوە، لە شاری سلێمانی زیان بەر چەندین دار و ستوونی کارەبا کەوت. کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە چەند گەڕەکێک کارەبا بڕاوە.
 
ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەیەک فیدەرمان شۆرتیان کردووە و بەهۆیەوە کارەبا لە چەند گەڕەکێک بڕاوە."
 
بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی گوتی، "تیمی چاککردنەوە نێردراون و سەرقاڵی چاککردنەوەن؛ لە زووترین کاتدا کارەبا دەدرێتەوە ئەو گەڕەکانەی کارەبایان بڕاوە."
 
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی رەشەباوە چەند گەڕەک و ناوچەیەک کارەبایان بڕاوە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەنێو شارەکەدا 19 فیدەر و لە دەرەوەی شار 6 فیدەر کێشەیان بۆ دروستبووە.
 
هەر بەهۆی خێرایی با لە شەوی رابردوو، ژمارەیەک دار لە گەڕەکە جیاوازەکانی سلێمانی شکاون.