ئەنجوومەنی وەزیران مووچەی 13 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت دەگەڕێنێتەوە
رووداو-هەولێر
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مووچەی 13 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت بگەڕێنێتەوە. هەروەها بەپێویستی دەزانێت باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێکبخرێنەوە و رێگەی خۆدزینەوە لە باج بگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7-8-2019 ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 71ـی ساڵی 2019 کرد کە تێیدا بڕیاردرا بە زیندوومانەوەی ماددەی 140. لەو بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لە ئەنجوومەنی وەزیران دا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بۆ دانانی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە بە ناوی ئەو کەسانەی بەناوی خاوەنپێداویستی تایبەت مووچە وەردەگرن، دابەشکردنی مووچەی زیاتر لە 13 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت دەستپێبکاتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/8/7 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ( ٧١ /٢٠١٩) لە ٢٠١٩/٧/٢٨ تایبەت بە راڤەکردنی ماددەی( ١٤٠ ) ی دەستوور کرد کە تێیدا بڕیاردرا بە زیندوومانەوەی ماددەی ئاماژەپێکراو . لەو بارەیەوە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران درا بە هەماهەنگی لە گەڵ دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و گقتوگۆکردن لە گەڵ بەغدا بۆ دانانی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.
پاشان کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی داڕشتنی میکانیزمێکی پێویست کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاکسازی لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە چاکسازی لە سیستەمی باج ، بە جۆرێک دادپەروەری لە وەرگرتنی باج هەببێت ، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج . ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر گرنگی باجدان کردەوە کە پێویستە هەموو ئەو لایەن و کەس و کۆمپانیایانەی قەرزداری حکومەتن و ئەو باجانەی لەسەریانە بە شێوەیەکی یاسایی بدەن . هەروەها پێویستە باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێکبخرێنەوە بە شێوەیەک دادپەروەری لەباجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاک لە بەرچاو بگیرێت . هەروەها رێگە بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەمواربکرێنەوە کە لەو بارەیەوە رێگرن.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکه، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی ئەو کەسانەی بە ناوی کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەت تۆمارکراون و سوودمەندبوون لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی . لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکە بڕیاریدا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە ، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە 13 هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی دا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کاروباری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تاوتوێکران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا .
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی راسپارد ، کە پێشوازی گەرم و ئاسانکاری پێویست بۆ گەشتیاران بکەن کە بە بۆنەی جەژنەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.