نزیکەى 14 هەزار دەنگدەرى لەدایکبووى 2005 لە هەرێمى کوردستان ناویان تۆمار کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی 13ی ئاب نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کۆتایی دێت، نزیکەى 14 هەزار دەنگدەرى لەدایکبووى ساڵى  2005 ناوى خۆیان تۆمارکردووە، بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت: "ئەگەر پێویست بکات وادەکە درێژ دەکەینەوە"
 
رۆژی 7ى ئابى 2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژی 13ى ئاب دوا وادەیە بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام ئەگەر دەنگدەرێکى زۆر سەردانى ئەو بنکانە بکەن و پێویست بکات، وادەکە درێژ دەکەنەوە.
 
لە 15ى تەممووزەوە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ناوەندەکانى تۆمارى دەنگدەرانى لە هەرێمى کوردستان کردەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە ئەو کۆمیسیۆنە سەرپەرشتی بکات.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند: تاوەکو 6ى ئاب، 34 هەزار و 280 دەنگدەر لە هەولێر، 33 هەزار و 326 دەنگدەر لە سلێمانى ناویان لە تۆمارى دەنگدەران نوێ کردووەتەوە و لە سنوورى پارێزگاى دهۆک-یش  ژمارەکە گەیشتووەتە 19 هەزار و 994  دەنگدەر.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 25ى شوباتى 2024 ى دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لەکاتێکدا پێشتر کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق 18ى هەمان مانگى پێشنیاز کردبوو.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد لە دایکبووانى ساڵى 2005 بۆ  هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەتوانن بەشدارى بکەن و بۆ ئەوەش پێنج هەزار و 215 لەدایکبووى ئەو ساڵە لە سنوورى هەولێر ناویان لە تۆمارى دەنگدار نوێکردووەتەوە، لە سنوورى سلێمانی ژمارەکە پێنج هەزار و پێنج دەنگدەر و لە دهۆکیش ژمارەیان سێ هەزار و 694 کەس بووە.