گیانلەدەستدانی سێ گەریلا لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامه‌ی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات كه‌ لە کاتی شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا له‌ خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی 7ی ئابی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی سێ گەریلای بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 19ی تەممووزی 2023، لە چیای مەتین لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ مەجید مەحموودی، ناسراو بە رۆژهات هەبەش لەدایکبووی کۆتۆل؛ کێزبان ئاکشین، ناسراو بە رۆژدا زیلان لەدایکبووی بەدلیس و ساڵح سلێمان عەرەب ناسراو بە شۆڕش سەرهێلدان لەدایکبووی حەسەکە. 
 
رۆژی 5ی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیانەوە، سێ گەریلای پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج و دوو کچە گەریلاش بە برینداری گیراون. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 605 گەریلا و کوژرانی 94 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 978 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 354 گەریلای راگەیاندووە.