کەشناسی: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و تەپوتۆز دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما نزیکەی 2 پلە بەرز دەبێتەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کەشناسیی هەرێمی کورستان کە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی ئابی 2023 بڵاوی کردووەتەوە، سبەی لە دوای نیوەڕۆوە تۆزێکی "سووک" لە هەرێمی کوردستان دەبێت و لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان کاریگەریی زیاتری دەبێت؛ هەروەها یەک بۆ دوو پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ پلەی گەرما لە سلێمانی نەگەیشتووەتە 45 پلەی سیلیزی؛ گوتیشی، "شەپۆلێکی گەرمای سرووشتی ناوچەکەمانی گرتووەتەوە و کاریگەرییەکانی کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو زیاتر دەبن؛ ئەمەش لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا هەموو کات روویداوە و نامۆ نییە".
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رۆژانەی پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە گرنگە هاونیشتمانیان بە تایبەت کاژێر 11:00 بۆ 15:00 خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن، "چونکە لەو کاتانەدا زۆرترین تیشک دەگاتە سەر زەوی و تیشکی سەروو وەنەوەشییش چالاکتر دەبێت. ئەمە نەوەکو بۆ ئەم هەفتەیە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو رۆژانەی پلەی گەرما بەرزە تێیدا گرنگە".
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، له‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌وه‌ به‌هۆی هاتنی تۆپه‌ڵه‌ هه‌وایه‌كی گه‌رم و شێدار بۆ ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان پلەی گه‌رما به‌رز ده‌بێته‌وه‌؛ كاریگه‌ریی چڕی گه‌رماكه 9 بۆ 13ـی ئاب دەبێت و 16ـی ئاب کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، لەماوەی شەپۆلە گەرماکەدا پله‌ی گه‌رما له‌ سنووری گه‌رمیان و كه‌ركووك 50 پله‌ تۆمار ده‌كات.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای باشووری کوردستان سبەی سێشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت: 
 
هەولێر؛ 45 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 43 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 43 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 47 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 44 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 43 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 48 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 35 پلەی سیلیزی