فڕۆکەخانەی کەرکووک: تورکیش ئێرلاینز گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رایدەگەیێنن، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە راگیرابوون.
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە، 07-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرلاینز بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک دەستپێبکەنەوە."
 
گەشتەکانی ئەو هێڵە ئاسمانییە لە دوای گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە راگیراون و تاوەکو ئێستا دەستیان پێنەکردووەتەوە.
 
بە گوتەی هەردی سەمەد، پێش راگرتنیان، ئەو هێڵە ئاسمانییە هەفتانە 8 گەشتی هاتن و چوونی بۆ کەرکووک هەبووە، کە بە کۆی گشتیی دەکاتە 16گەشت بەم شێوەیە: 
 
ئیستەنبووڵ - کەرکووک: 4 گەشتی هەفتانە (هاتن و چوون)
ئەنقەرە - کەرکووک: 4 گەشتی هەفتانە (هاتن و چوون)
 
فڕۆکەخانەی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوەی ئەوکاتەی عێراق کرایەوە و یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.