نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گۆڕدرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە جێگەی عەبدولخالق تەلعەت کرایە نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لیوا عەبدوالخالق تەلعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گۆڕدرا و لە جێگەی ئەو، عەمید عەبدولستار یاسین زێباری، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دانرا.
فوئاد زراری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گۆڕانکارییەکە لە ئەمڕۆوە بە فەرمی چووە واری جێبەجێکردنەوە".
لەبارەی هۆکاری گۆڕانکارییەوە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، لیوا عەبدولخالق تەلعەت بەهۆی تەمەنی یاساییەوە خانەنشین بووە.
فوئاد زراری گوتی: "لە ئەمڕۆوە عەمید فەرمان فازڵ دزەیی، وەکو بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان (بە وەکالە) دەستبەکار دەبێت".
نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە ژمارە 23880 لە 5-08-2025 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس کراوە بۆ جێبەجێکردن.