لە مهاباد دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی مهاباد دوو کەس گیانیان لە دەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە، 6ی ئابی 2025، لە رێگەی سەرەکیی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا.
جەمال خەلیل پوور، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرای مهاباد رایگەیاند، "رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری کویک بووە."
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "لە رووداوەکەدا چوار لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە، دوو لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانیان لە دەستدا."
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای نەخۆشانەی مهاباد دەڵێت، "تەندروستیی دوو بریندارەکە خراپە و لە ژێر چاودێریی چڕدان."
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.