یەکێتیی بەڵێندەران: پڕۆژە تەواونەکراوەکانی پترۆدۆلار جێبەجێ دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران دەڵێت، بە نووسراوێکی حکومەت، لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکانی پترۆدۆلار دەخرێنەوە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 206 پڕۆژەن و سەرجەم سێکتەرەکان لەخۆدەگرن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-08-2025، لوقمان جاف، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''پڕۆژەکانی بودجەی پترۆدۆلار کە نزیکەی 10 ساڵە راگیراون، بە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرانە بواری جێبەجێکردنەوە''.
 
پڕۆژە تەواونەکراوەکانی بودجەی پترۆدۆلار 206 پڕۆژەن کە لەلایەن 174 کۆمپانیا و بەڵێندەرەوە جێبەجێ دەکرێن. لوقمان جاف گوتی: ''داواکارین لەگەڵ دەستبەکاربوون، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پارە و بودجەی پێویستمان بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی پڕۆژەکان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواو بکرێن.''
 
هەرچەندە پڕۆژەکان لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بوون، بەڵام ئێستا خراونەتە سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و وەبەرهێنانی وەزارەتەکان کە بەگوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران، ''خۆیان لە هەموو سێکتەرەکاندا دەبیننەوە و بودجەی هەر پڕۆژەیەک دەچێتەوە سەر وەزارەتی پەیوەندیداری خۆی.''
 
لوقمان جاف جەختیشی لەوە کردەوە، ''100٪ ئومێدمان هەیە کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پارە وەردەگرین، حکومەت هەنگاوی باشی ناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەکان دەخرێنە بواری جێبەجێکردن و خزمەت خەڵکەوە.''
 
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، پڕۆژەکان لە ساڵی 2015ـەوە راگیرابوون. ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەکان سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەگرنەوە، بەڵام زیاتر دەکەونە سنووری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی بەدواداچوونی پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی 11ـی ئابی پار دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کراوە، رەزامەندی دراوە بۆ گواستنەوەی پڕۆژەکانی بودجەی پترۆدۆلار ئەوانەی تەواونەکراون، بۆ سەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، یان بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکان بەپێی سێکتەری پڕۆژەکان.
 
پڕۆژەکانی پترۆدۆلار ئەو پرۆژانەن کە لەسەر داهاتی نەوت و گاز و پاڵاوگەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، بەپێی سیستمی کارپێکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو پارێزگا و ناوچانەی کێڵگەی نەوتیان هەیە و نەوت و گازیان تێدا بەرهەمدەهێندرێت، یان پاڵاوگەیان هەیە بڕێک پارە بۆ پڕۆژەکانیان تەرخاندەکرێت.