50%ـی زەویی جووتیارانی کورد لە داقووق مەترسیی دەستبەسەرداگرتنیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کشتوکاڵی داقووق 30 گرێبەستیان بۆ عەرەبی هاوردە کردووە بۆ ئەوەی بچنە سەر زەوییەکانی کورد، بەشێک لە جووتیارانی کوردیش چوونە فەرمانگەی کشتوکاڵی داقووق و داوایان کرد ئەو کارانە راگرن.
پێشکەوت مەندیل، جووتیارێکی گوندی خالیداوایە و دەڵێت، چوونی عەرەبی هاوردە بۆ گوندەکەیان "دەستی لەپشتەوەیە، هانیان دەدەن هەموو جارێک دێن دەیانەوێ گرێبەستەکانیان بۆ نوێ بکەنەوە".
حەسەن عەلی، جووتیارێکی خەڵکی ئاوایی سنوورە و بەدەستی لەرزۆکەوە دارێکی بەدەستەوە گرتووە و چووەتە بەردەم فەرمانگەی کشتوکاڵی داقووق، ئەو تەواو هەراسان بووە و تووڕەیە لەو مامەڵەیەی هاوردەکان بە زەوی و زارەکانیانەوە دەیکەن.
حەسەن عەلی دەڵێت، "زەویی ئێمە بە کەس نادرێت هیی سنوورە، ئەوەی بێتە سەر زەوی سنوور، بەرپرسەکان هەوڵبدەن بەخۆشی دەری بکەن، ئەگینا ناخۆش دەبێت".
خالید محەممەد، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "هاتووین بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، بەرنامەیەکی شۆڤینی دانراوە بۆ سنووری کەرکووک بەگشتی و داقووق بەتایبەتی".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک لەبارەی داواکاریی جووتیارانی کوردەوە رایگەیاند، ئەوان تەنیا فەرمانی دادگەکان جێبەجێ دەکەن.
تەنیا لە سنووری ناوچەکانی داودە و تاڵەبانی و کاکەیی داقووق، 50 هەزار دۆنم زەویی کورد کێشەی زەویوزاری هەیە، زیاتر لە 50%ـی ئەو زەوییانە لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەوەی دیکەشی لەژێر هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتندایە.