دۆخی رۆشنبیری و هونەری لە سلێمانی؛ بەڕێوەبەرایەتییەک دەڵێت، 'بودجەکەمان تەنیا بەشی ئاو کڕین دەکات'

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە 07-09-2023 بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانییەوە پێشکێشکرا و تایبەت بوو بە بزاڤی رۆشنبیری و هونەری لەو پارێزگایە و کێشە و گرفتەکانی بەردەمیان، بە میوانداری بەرپرسانی هونەری و رۆشنبیری و چەندین هونەرمەندی شارەکە. بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی گلەیی لە کەمیی بودجەکەیان دەکات و دەڵێت، "تەنیا بەشی ئاو کڕین دەکات." بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانییش دەڵێت، "لە 2015وە نەمانتوانیوە کتێب و رۆژنامە بۆ کتێبخانە بکڕین."
 
بەپێی بۆچوونی بەشێک لە میوانانی نووڕۆژ، کە بەرپرسی هونەری و رۆشنبیریی ئەو شارە و هونەرمەند بوون، بزاڤی رۆشنبیری لە سلێمانی بەردەوامە و تەنانەت لە لووتکەدا ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی خراپیی دۆخی ئابووری کاریگەریی بەسەر بەشێکی چالاکییەکاندا هەبووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی کە چالاکییە هونەری و رۆشنبیرییەکان رابوەستن. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین داواکارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، یەکێک لەو داواکارییانە زیادکردنی بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی و کڕینی کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی سلێمانییە.
 
ئەنوەر قەرەداخی: بزاڤی هونەری لە سلێمانی بەردەوامە
 
ئەنوەر قەرەداخی، میوزیسیان و ئاوازدانەر و سەرپەرشتی تیپی کیژانی سلێمانی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژ رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئابووری کاریگەریی بەسەر بزاڤی هونەرییەوە هەبووە، بەڵام نەبووەتە هۆی راوەستانی یەکجاری، "هەندێک رووداو کاریگەرییان بەسەر بزاڤی هونەرییەوە لە سلێمانی کردووە، بەڵام تائێستا رەوشی هونەری بەردەوامە و خۆت دەزانیت بژێویی ژیانی خەڵک قورسە تۆزێ، دۆخی دارایی بە شێوەیەک بووەتە رێگر لە هەندێک کار و کاری باشی هونەرمەندان توانای دارایی پێویستە."
 
ئەنوەر قەرەداخی داوا دەکات پشتگیریی زیاتری هونەرمەندان بکرێت و گرووپەکەشی کە گرووپی کیژانی سلێمانییە بە جوانترین گرووپی شارەکە وەسف دەکات و دەڵێت، "هونەر لە سلێمانی هەمیشە زیندووە، پشتگیریکردن لە هونەرمەندان کارێکی پێویستە، ئەگەر پشتگیری هەبێت هونەرمەند و هونەری زۆر باش و بەهرەمەند لە سلێمانی هەن."
 
 
سەرپەرشتی تیپی کیژانی سلێمانی باسی لە کێشەی گرووپەکەی کرد و گوتی، "گرووپی کیژانی سلێمانی جوانترین گرووپی شارەکەیە، ئەوە نییە کە خۆم سەرپەرشتیی دەکەم، بەڵام زۆر کاری جوان دەکەن، هەندێک کەموکورتیی تێدایە، بەڵام بچووکن، لەوانە هەندێکیان هاوسەرگیری دەکەن و دەڕۆن، یاخود کێشەیەکیان دێتە پێش و کەم دەبنەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام ئەپدەیتی دەکەین و کەسی نوێ دەهێنین، هیچ کاتێکیش گرووپەکەمان کوڕی تێدا نەبووە، تەنیا کچ بووە."
 
بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی: لە 2015وە نەمانتوانیوە کتێب و رۆژنامە بۆ کتێبخانە بکڕین
 
ئالان رەئوف، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی رەخنە لە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە لە ساڵی 2015وە دراوە و بووەتە هۆکاری ئەوەی نەتوانن کتێبی نوێ و رۆژنامە و گۆڤار بۆ کتێبخانەکەیان بکڕن و ئەرشیڤیان بکەن، دەڵێت، "لە ساڵی 2015وە تاوەکو ئەمڕۆ نەمانتوانیوە یەک کتێب یاخود رۆژنامە بۆ کتێبخانەکەمان بکڕین، نەمانتوانیوە رۆژنامەی رۆژانە بۆ خوێنەر بکڕین، کە پێویستە ئێستا لە ئەرشیڤ هەبێت، رۆژنامە و گوڤاری ساڵانی سییەکان، چلەکان و هەشتاکانمان هەیە، بەڵام رۆژنامە و گوڤاری 2023مان نییە، ئەمەش بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنی خەرجییەکان کە کڕینی رۆژنامە و گۆڤاری قەدەخە کرد لە دامودەزگاکانی حکومەت، کە پێویست بوو ئەوان لەم بڕیارە بەدەر کرابان، ئەمە بۆ فەرمانگەکانی دیکەی حکومەت ئاساییە، بەڵام کتێبخانەکان نا، چونکە کتێبە نوێیەکان ئەگەر نووسەر خۆی بۆمان نەهێنێت، ئەوە ئێمە ناتوانین بکڕین، نەک تەنیا کتێبخانەی ئێمە بەڵکو هەموو کتێبخانەکانی کوردستان ناتوانن کتێبی نوێ بکڕن."
 
 
لەبارەی ئاستی خوێندن و فرۆشی کتێب ئالان رەئوف ئاشکرای کرد، سەردانی خەڵك بۆ کتێبخانە کەمیکردووە و فرۆشی کتێبیش بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەکو پێشوو نەماوە و گوتی، "رۆژانە 100 کەس سەردانی کتێبخانەکەمان دەکەن، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر خەڵک سەردانی ئێمەیان کردووە، هەروەها لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی دیکە سەردانیکردن بۆ کتێبخانەمان دەگۆڕێت، لە وەرزی خوێندن سەردانیکردن زیاتر دەبن و قوتابی سەردانمان دەکەن، بەتایبەت ئێمە گرنگیی تایبەت بە منداڵان دەدەین و چەندین بەشمان بۆ دابینکردوون بە مەبەستی راهێنانی منداڵ لەسەر ئەوەی کتێبخانەی خۆشبوێت."
 
بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی گلەیی لە نەبوونی لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنی کتێب دەکات، کە دەکرێت تەنیا هەڵسەنگاندن بکات نەک سانسۆر دابنێت و دەڵێت، "وەرگێڕان لە ئاستێکی باشدایە و کتێبەکان زوو وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، بەڵام کێشە لە وەرگێڕانەکەیە کە هەموو کەسێک خۆی لە قەراخی ئەو کارە کردووە، پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کتێبە بکات، ئێمە داوای چاودێری ناکەین، داوای هەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان دەکەین."
 
لەبارەی چاپکردنی کتێبەوە ئالان رەئوف گوتی، بەپێی ساڵەکان ژمارەی چاپکردنی کتێب دەگۆڕدرێت، ساڵی رابردوو 960 کتێب لە سلێمانی چاپکراون و ساڵی پێشووتر 1200 کتێب، کە خراپیی دۆخی ئابووری بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی فرۆشی کتێب و ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چاپکردنی کتێب کردووە.
 
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی سلێمانی کولتووری گەلان: سەعدوون جابر بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکات
 
رەنج سەراج، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی سلێمانی کولتووری گەلان، ئاشکرای دەکات کە چەندین هونەرمەندی بەنێوبانگ بانگهێشت کراون و بەشداری لە فێستیڤاڵی کولتووری گەلان دەکەن، "چەندین هونەرمەندی ئاست بەرز بەشداردەبن، سەعدوون جابر هونەرمەندی گەورەی عێراق یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە."
 
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی سلێمانی کولتووری گەلان سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵەکە گوتی، "هەموو ئامادەکارییەکان بە باشی کراون و میوانی ئاست بەرز بەشدار دەبن لەم فێستیڤاڵەدا کە مەبەستی ناساندنی کولتوورە جیاوازەکانە، بۆ نموونە گفتوگۆیەکی تایبەت دەبێت لەبارەی پەیوەندیی نێوان میوزیکی کوردی و فارسی."
 
 
لەبارەی شێوازی بەشداریکردنی هاونیشتمانییان، رەنج سەراج گوتی، "بەشداریی خەڵک لە ئاستێکی زۆر باشدایە تائێستا و داواکارییەکی زۆر لەسەر بلیتی فێستیڤاڵەکە هەیە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی: بودجەکەمان بەشی ئاو کڕین ناکات
 
د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی رەخنە لە وەزارەتی دارایی دەگرێت کە بودجەکەیان کەمە و ئاشکرای دەکات، داوایان کردووە زیاد بکرێت و دەڵێت، "بودجەکەمان 8 ملیۆنە، لە کاتێکدا 1200 فەرمانبەرمان هەیە، بودجەکە تەنیا بەشی ئاو کڕین دەکات، بۆیە داوامان کردووە کە بودجەکەمان بکرێت بە 20 ملیۆن دینار، لەڕووی باڵەخانەوە باڵەخانەکان گونجاو نین من داوا لە حکومەت ناکەم کە باڵەخانە دروستبکات، چونکە دۆخەکە دەزانم بەڵام داواکارم سەرمایەداران هاوکارمان بن بۆ ئەم مەبەستە."
 
لەبارەی بزاڤی هونەرییەوە د. موحسین ئەدیب دەڵێت، "ئەگەرچی دۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان زۆر زۆر خراپە، بەڵام خۆشبەختانە دۆخی کاری ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیری لە سلێمانی هەر لە لووتکەدایە، ئێستا سێ شانۆمان لە پرۆڤەدان و سبەی یەکەم شانۆ نمایش دەکرێت، کاری فیلم و پێشانگەی شێوەکاری و کاری دەستی بەردەوام دەکرێت، زۆر کاری هونەری هەیە کە رەنگە وابەستەی پارە نەبێت، بەڵکو زیاتر وابەستەی بیرۆکە بێت."
 
هاوکات رەخنە لە هەندێک یاسا و رێسا دەگرێت کە کاری ئەوانی قورس کردووە و دەڵێت، "هەندێک یاسا و رێسا هەن کە رێگرن لە کاری ئێمە، هەندێک یاسا هەن بۆ هەموو وەزارەتەکان وەکو یەکن، بۆ فەرمانبەرێکی وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتێکی دیکەی خزمەتگوزاری وەکو یەکە، کە پێویستە یاسایەکی تایبەت بە کاری وەزارەتی رۆشنبیری دابنرێت، کە ناکرێت داوای دەوام لە کارمەندی وەزارەتی رۆشنبیری بکەیت، بەڵکو دەبێت داوای بەرهەم و داهێنانی لێبکەیت."
 
 
لەبارەی ئازادیی رادەبڕین لە سلێمانی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی، دەڵێت هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی زیاتر لە لایەنە سیاسییەکان رێگرن لە ئازادیی رادەبڕین، "ئازادیی رادەربڕین پێویستییە نەک ماف، چۆن کۆمەڵگە پێویستی بە نان و ئاوە، ئاوا پێویستی بە ئازادیی رادەربڕینە، ئازادیی رادەربڕین چەند یاسا و دەستوور دابینی دەکات، ئەوەندە ئازایەتیی مرۆڤەکان رۆڵ لە دابینکردنی دەبینێت، پێموایە لە سلێمانی لە هەموو ناوچەیەکی دیکە باشترە؛ هەرچەندە ئاڵنگاری لە بەرامبەر ئازادیی رادەربڕین لە سلێمانیش هەیە، بەڵام لە ئاستێکی بەرزدایە." بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی رادەربڕین چەندی سیاسین، ئەوەندەش ناسیاسین، چەندەی فەرمین ئەوەندەش نافەرمین، بەداخەوە کە ئێستا هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی هەن بەهۆی سۆشیاڵمیدیاوە و بەهێزبوونی رەوتی ئایینی، رێگرێکی گەورەن بەرامبەر ئازادیی رادەبڕین، کە پێویستە خەڵک لەبارەیانەوە ئاگادار بکرێنەوە."
 
هەژار زەهاوی: فێستیڤاڵی کولتووری گەلان کە لە سلێمانی دەکرێت، رووداوێکی پیرۆزە
 
هەژار زەهاوی، هونەرمەند کە لەگەڵ هەریەکە لە ئارڤین رەئوفی؛ دەڤژەن و شانیا عەلی عابد، هونەرمەند بەشدارییان لە بڕگەی هونەریی نووڕۆژدا کرد رایگەیاند، فێستیڤاڵی کولتووری گەلان کە لە سلێمانی دەکرێت، "رووداوێکی پیرۆزە" بۆ ئەم شارە و ئەوانیش زۆر بە باشی خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە.
 
ئارڤین رەئوفی دەشڵێت، ئەو لەگەڵ دوو دەفژەنی دیکە لە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون و دەیانەوێت نمایشێکی جوان بە سەرپەرشتی هونەرمەند هەژار زەهاوی پێشکێش بکەن.
 
شانیا عەلی، لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەکو گرووپی کیژانی سلێمانی زۆر بە باشی خۆیان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکە ئامادە کردووە.
 
لەبارەی گرنگیی فێستیڤاڵەکەوە، هەژار زەهاوی گوتی، "ناساندنی کولتوورەکان پێکەوە لە فێستیڤاڵێکدا گرنگە و هەنگاوێکی پیرۆزە، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لەو فێستیڤاڵە دەکەم و چوار تراکمان ئامادە کردووە کە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکێشی دەکەین، لەگەڵ چوار هونەرمەند لە ناوچە جیاوازەکان و سوپرایزێکیشیان دەبێت."