وەقفى سوننەى کەرکووک بۆ گوتارخوێنان: گوتارى ئەم هەینییە لەسەر برایەتى بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەقفى سوننەى کەرکووک، گوتارخوێنانى ئەو پارێزگایە ئاگادار دەکاتەوە کە گوتارى ئەم هەینییەیان لەبارەى برایەتى و خۆشویستن و بڵاونەکردنەوەى پروپاگەندە بێت. بەڕێوەبەرى ئەوقافى کەرکووک دەڵێت: "هەر گوتارخوێنێک پابەند نەبێت دەتوانین سزاى بدەین".
بەگوێرەى نووسراوێک کە بەڕێوەبەرایەتیی وەقفى سوننەى کەرکووک لە 7ى ئەیلوولى 2023، ئاراستەى گوتارخوێنانى سەر بەو وەقفەى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە کە بۆ گوتارى هەینىی 8ى ئەیلوول، بڕیاریانداوە گوتارەکان لەبارەى برایەتى و خوشویستن و بڕوانەکردن بێت بە پروپاگەندە "بەتایبەت کە ئەگەر ببێتە هۆى خوێنڕشتن".
7ى ئەیلوولى 2023، سامى زەندى، بەڕێوەبەرى وەقفى سوننەى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، نووسراوەکە بۆ سەرجەم ئەو پێشنوێژ و گوتارخوێنانە گشتێندراوە کە سەر بە وەقفەکەیانن کە کەرکووک و قەزا و ناحیەکانى دەوروبەرین، جگە لە قەزاى حەویجە کە بەڕێوەبەرایەتیی وەقفى خۆى هەیە و جیاوازە.
1200 مزگەوت سەر بە وەقفى سوننەى کەرکووکن، لە 600 مزگەوتیدا نوێژى هەینى دەکرێت.
سامى زەند گوتیشى: "دەبێت سەرجەم گوتارخوێنان پابەندبن بەو گوتارەوە، ئەگەرنا دەتوانین سزایان بدەین تاوەکو ئاستى راگرتنى لە گوتاردان".
ئەو هەنگاوەى وەقفى سوننەى کەرکووک دوای ئەوە دێت کە لە 2ى ئەیلوول ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و خۆپێشاندانەکە گرژیی تێکەوت و بەهۆیەوە چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەو خۆپێشندانە لەدژى گرتنى رێگەى کەرکووک بوو بۆ هەولێر و سلێمانی کە لە 27ـی ئابی 202ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک دایانخستبوو بەهۆى مانگرتن لە دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی پارتى دیموکراتى کوردستان لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.