نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان رەتیدەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی "تۆمەتبارانی مادەی هۆشبەر" لە هەولێر هیچ کەسێک کوژرابێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان رەتیدەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر، تۆمەتبارێک کوژرابێت و دەڵێت: "هەندێک کەناڵی میدیایی، هەواڵ و زانیاریی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە".
کاژێر 18:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، تیمەکانی هەولێری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان، لەسەر رێگەی بەحرکە بەرامبەر گەڕەکی گەنجان سیتی و هەرشەم دوو، شەش کەسیان دەستگیرکرد کە ئەندامانی تۆڕێکی بازرگانیکردن بوون بە مادەهۆشبەرەکان.
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، پێکدادان روویدا و یەکێک لە تۆمەتبارەکان برینداربوو، بەڵام هەواڵی کوژرانی لەلایەن بەشێک لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە.
لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە باس لەوە دەکات، "دوای وەرگرتنی فەرمانی بەرێز دادوەری ئاسایش بۆ دەستگیرکردنی تۆڕێکی بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر، تیمەکانمان لەشاری هەولێر لەهەردوو گەرەکی گەنجان سیتی و هەرشەم دوو لەسەر رێگای بەحرکە توانیان شەش تۆمەتبار دەستگیربکەن".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "یەکێک لەتۆمەتبارەکان تەقەی لە کارمەندانی تیمەکەمانی کرد. لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا، هەوڵی خۆکوشتنی دا، بەڵام کارمەندان رێگریان لێکرد و بەهۆیەوە برینداربوو. تۆمەتبارەکە دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمانەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەو چارەسەری پێویست وەردەگرێت تاوەکو ئێستاش لەژیاندایە".
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان هەواڵی کوژرانی تۆمەتبارەکە دووپات دەکاتەوە و وەڵامی بەشێک لە راگەیاندنەکان دەداتەوە و دەشڵێت: "هەندێک کەناڵی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە چەند هەواڵ و زانیاری ناراستیان بڵاوکردووەتەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە".