سەنتەری میترۆ: لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان چوونەتەسەر نووسینگەی رێكخراوە نێوخۆیی و بیانییەکان

رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری میترۆ دەڵێ، لە 22ـی ئاب و لەکاتی پێکدادانەکانی لالەزار، هێزە ئەمنییەکان چوونەتەسەر باڵەخانەیەک کە ژمارەیەک رێکخراوی بیانی و نێوخۆیی لێبووە و دەستیان گرتووە بەسەر کەرەستەکانیاندا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە سەنتەری میترۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێرشی چەكداران بۆ سەر نووسینگەی رێكخراوە نێوخۆیی و بیانییەكان پێشێلكاری روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە شوێنێكی نائارام بۆ كاری رێكخراوی بیانی".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی میترۆ، لە 22ـی ئابدا هێزە ئەمنییەکان چوونەتەسەر باڵەخانەی "ئۆفیسی پایا کە دەكەوێتە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی و نزیك لە ماڵی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل و هۆتێل لالەزار، چەند رێكخراوێكی كولتووری و ژینگەیی و رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەو تەلارە ئۆفیسییان هەیە، وەك رێكخراوی بەهرەدار بۆ پەرەپێدانی گەنجان، پایا ئەیجنسی، ئارت پڵەس، پارێزەرانی ئاوی عێراق و كوردستان، رێكخراوی UPP ".
 
سەنتەری میترۆ کە کاریان داکۆکییە لە ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانی دەڵێت: "رێكخراوی UPP كە بە Un Ponte Per  (پردێك بۆ) ناسراوە، رێكخراوێكی قازانج نەویستی سەربەخۆی ئیتاڵییە، كاردەكات بۆ دروستكردنی پردی ئاشتی و بەهێزكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جێناكۆكەكانی وەك عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقا، لە رێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانی كۆمەڵگە، گەنجان، بەهێزكردنی ژنان و پاڵپشتیكردنی پەنابەران".
 
میترۆ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ زانیویانە بەرەبەیانی 22ـی ئاب هێزەکان چوونەتەسەر ئەو تەلارە؛ دەشڵێت: "هێزەكە سەرجەم كەرەستەی ناو ئۆفیسی رێكخراوەكانی بردووە، لەوانەش قاسەی پارە بەوەی لەناویدا بووە كە پارەی پڕۆژەكان بووە، چوار پرینتەری رەنگاورەنگ و رەش و سپی، تەلەفونی سەتەلایتی سوورەیا، چەند سێتێكی كۆمپیوتەر، 9 لاپتۆپی جۆراوجۆر، سێتی داتاشۆ، سێ‌ سێتی كامێرای سۆنی و كانوون، ئامێری مای فای ئاسیاسێڵ و فاست لینك و ئای كیو، ئامێری ژماردنی پارە، چەند شاشەیەكی تیڤی، پاسپۆرتی كارمەند، چەند هیدفۆنێك، سپیكەر، مۆبایل و چەندین یوپی ئێس، تاوەکو دەگاتە كەرەستەی زۆر زۆر سادەییش وەك فلچەی ددان شتن و ئامێری ریشتاشیینی كارمەندان".
 
سەنتەرەکە دەڵێت: "تووشی سەرسوڕمان بووین لەوەی كەس ئامادە نییە بە ناوی خۆی و رێكخراوەكەی لێدوان بدات، نزیكەی دوو هەفتەیە بێدەنگن".
 
لە راگەیێندراوەکەدا سەنتەری میترۆ چوونی هێزە ئەمنییەکانی بۆ سەر باڵەخانەکە بە "هێرش" ناوبردووە و رایگەیاندووە: "هیچ بنەمای یاسایی نییە و پێشێلكاری روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و رێگری لە كاری ئەو رێكخراوانە دەكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بخاتە زۆنی سوور بۆ كاری رێكخراوی بیانی".
 
لە بەشێکی دیکەدا سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان ئاگادارن کە "ئەو رێكخراوانە هیچ پەیوەندییەكیان بە ململانێی سیاسی و چەكداریی ئەم دواییە نییە، تاوەکو بكرێتە پاساو بەو شێوەیە دەستبگرن بەسەر كەلوپەلی ئەو رێكخراوانەدا".
 
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هێزێکی ئەمنی باسی لەوە نەکردووە کە چووبنەسەر باڵەخانەی رێکخراوەکان. 
 
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و بەرگریكاری مافی مرۆڤ بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگ و ئاشتی IWPRـی ئەمریكی دامەزرا. لەو كاتەوە 14 راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردووەتەوە.
 
سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویجی (NPA)، پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی  (IMS)،  Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، Intenews، رێكخراوی IRI ، لە رێگەی پرۆژەوە پاڵپشتییان كردوون.