وەزیری ناوخۆی تورکیا: 474 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا، دوایین ئاماری گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریایی، گۆڕانی دەسەڵات لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 تاوەکو ئێستا، 474 هەزار و 18 هاووڵاتی سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس، ئاماژەی بە گەڕانەوەی کۆچبەر و پەنابەرانی سووریایی نیشتەجێبووی تورکیا کرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2016 تاوەکو ئێستا 1 ملیۆن و 213 هەزار و 620 سووریایی خۆویستانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: "ساڵی 2022 ژمارەی سوورییەکان کە لەژێر پاراستنی کاتیدا بوون لە تورکیا 2 ملیۆن و 535 هەزار و 898 کەس بوو، بەڵام ئێستا 2 ملیۆن و 508 هەزار و 446 کەسە."
بە گوتەی وەزیر، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی بە ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، رۆژانە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ دەکەن لە شارانەی تێیدا نیشتەجێن. دوای تەواوکردنی سەرجەم مامەڵەکانیان، رۆژێکیان بۆ دیاری دەکرێت و بە پاس لەسەر ئەرکی حکومەت دەیانگەڕێننەوە و تا ئەودیوی سنووری سووریا دەیانگوازنەوە.
ئاماری پەنابەرانی سووریایی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە 2011وە تاوەکو 2025:
2011
سفر
2012
14.237
2013
224.655
2014
1.519.286
2015
2.503.549
2016
2.834.441
2017
3.462.786
2018
3.623.192
2019
3.576.370
2020
3.641.370
2021
3.737.369
2022
3.652.813
2023
3.206.696
2024
2.901.478
28ـی ئابی 2025
2.508.446