یەکێتی زانایان بۆ هاونیشتمانییان: بۆ مانگگیرانەکەی ئەمڕۆ نوێژ و زیکر بکەن

رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ مانگگیران رووبدات و یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستانیش دەڵێ، سوننەتە هاونیشتمانییان نوێژی مانگگیران بکەن.
 
یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "مانگگیران و خۆرگیران دیاردەی گەردوونی و سرووشتین. لە فەرهەنگی ئیسلامدا دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەسەڵاتی خودا، بۆیە لەم کاتەدا نوێژ، زیکر، پاڕانەوە و ئیستغفارکردن سوننەت و پێویستە".
 
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەکاتی مانگگیراندا هاونیشتمانییان پێویستە نوێژی مانگگیران لە دوای نوێژی خەوتنانەوە بکەن".
 
یەکێتیی زانایان لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە: "لە روانگەی هەستی دیندارییەوە، داوا لە مامۆستایانی ئایینی و موسڵمانان دەکەین، سوننەتی نوێژی مانگگیران زیندووبکەنەوە و نزای خێر بکەن".
 
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 06:28ـی ئێوارەی  ئەمڕۆ مانگگیران دەستپێدەکات، بەڵام بە چاو نابیندرێ تاوەکو کاژێر 07:30 کە لەو کاتەوە هەستی پێدەکرێت".
 
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان گوتی: "کاژێر 09:11ـی شەو مانگگیران دەگاتە لووتکە و دواتر بە چەند قۆناخێک دەکرێتەوە، بەگشتی کاژێر 11:55ـی شەو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نوێژی مانگگیران هەیە و بابەتێکی شەرعییە، بۆیە خەڵک نوێژ دەکەن و دەکرێ لە مزگەوتەکانیشدا نوێژبکرێ و دۆعای خێر بکرێ، بەڵام بابەتەکە ناچاری نییە و هیچ رێنماییەکیش نییە کە مزگەوتەکان ناچاربکرێن نوێژ بکەن".