جووتیارێکی کرماشانی بە بەرهەمهێنانی زۆرترین چەوەندەر لەسەر ئاستی ئێران پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ
 
جووتیارێکی کرماشانی بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 153 تۆن چەوەندەر لە هێکتارێکدا، لەسەر ئاستی ئێران بووە یەکەم و وەکو جووتیاری نموونەیی ناسێنرا.
 
بەرپرسی کاروباری هاوئاهەنگی بۆ بەرەوپێشبردن لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، رۆژی شەممە رایگەیاند، جووتیارێکی خەڵکی شاری قەسری شیرین، ئەم ساڵ توانیویەتی زۆرترین چەوەندەری پاییزە لە هێکتارێکدا بەرهەم بهێنێت و لەسەر ئاستی ئێران پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 
ئەمانوڵڵا میرزایی گوتی، "ناوی جووتیارەکە فەیزوڵڵا رەزایی-یە، 40 ساڵە جووتیارە و لەم شەش ساڵەی دواییدا خەریکی چاندنی چەوەندەر بووە. ئەم ساڵ توانیویەتی بڕی 153 تۆن و 450 کیلۆگرام چەوەندەر لە هێکتارێکدا بەرهەم بهێنێت."
 
بە گوتەی بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کرماشان، "جووتیارە نموونەییەکەی قەسری شیرین لە 4.5 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیدا چەوەندەری چاندووە و بەرهەمی چەوەندەرەکەی زیاتر لە 690 تۆن بووە."
 
دەشڵێت، تێکڕای بەرهەمی چەوەندەر لە هێکتارێکدا لەسەر ئاستی پارێزگای کرماشان 64 تۆنە، بەڵام بەرهەمی چەوەندەری جووتیارەکەی خەڵکی قەسری شیرین 2.5 هیندە زیاترە.
 
ئەم ساڵ لە رووبەری شەش هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان، چەوەندەری پاییزە چێنراوە و بەرهەمەکەی تاوەکو ئێستا 375 هەزار تۆن بووە.
 
کرماشان لەڕووی بەرهەمهێنانی چەوەندەری پاییزەوە لە دوای پارێزگای خوزستان، لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی دووەمدایە.