بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان: دوو مانگی دیکە تەواوی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر تەواو دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سێ هێڵی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر ماون و ئێستا هەموویان پێکەوە کاریان تێدا دەکرێت. باسی لەوەش کرد: "90٪ی کارەکانیان تەواو بوون و دوو مانگی دیکە هەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێت."
20ـی تەممووزی ئەم ساڵ لە رێوڕەسمێکدا هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە کرایەوە و ئاوی گەیشتە بەشێک لە گەڕەکەکان.
رۆژی یەکشەممە، 07ـی ئەیلوولی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە چوار هێڵە، هێڵی یەکەمی گەیاندنی ئاو بە گەڕەکەکان؛ مانگی تەممووز تەواو بوو، ئێستاش کار دەکرێت بۆ ئەوەی سێ هێڵەکەی دیکە بە زووترین کات تەواو بن، بڕیارە مانگی تشرینی دووەم پڕۆژەکە تەواو بێت، بەڵام تاوەکو کانوونی یەکەم ئاو ناگاتە هیچ گەڕەکێک."
بە گوتەی ئاری ئەحمەد، نزیکەی 40 گەڕەک لە شاوێس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، رەشکین، گەزنە، پیرمام، شەقامی کۆیە، سێبیران، هەولێری نوێ، پیرڕەش، کەسنەزان و گەڕەکەکانی نێوان دیوی ژوورەوە و دەرەوەی شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری؛ کە لەسەر بیرن، دەکەونە سەر پڕۆژەکە و هیچ بیرێک لە پارێزگای هەولێر نامێنێت.
پڕۆژەکە لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "ئێستا 90٪ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و کارەکان زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچن."
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، رۆژی 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60٪ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ)ـەوە دابین دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیکەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی پێبێت.