لە وان 1500 مەڕ دوای مەڕێک دەکەون و لە بەرزاییەک خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە


رووداو دیجیتاڵ

مێگەلە مەڕێک لە بەرزاییەکانی وانی باکووری کوردستانەوە، لە دوای مەڕێک خۆیان هەڵداوەتەوە خوارەوە. مەڕدارێک دەڵێت، 334ـیان مردار بوون و بە سەتانیش بێسەروشوێنن.
 
رووداوەکە شەممە 07-09-2025، لە بەڕزاییەکانی کانیمیران لە ناوچەی شاخی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان روویداوە. بە سەتان مەڕ کە بۆ لەوەڕ بردرابوونە بەرزاییەکە، خۆیان فڕێداوەتە خوارەوە و بەشێکیان مردار بوون.
 
مەڕدارەکان لەبارەی چۆنیێتیی رووداوەکەوە رایانگەیاند، کاتێک مەڕێک چاوی بە رووبار کەوتووە، خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و مەڕەکانی دیکەیش دوای کەوتن.
 
تووران کایا، کە مەڕدارە گوتی، دوای خۆ فڕێدانیان، لە کۆی 1500 سەر مەڕ، 334ـیان بەسەر یەکدا کەوتوون و خنکاون و بە سەتان ئاژەڵیش ونن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
 
ئەو مەڕدارە گوتیشی: ''شوانەکە کاژێر 4ی بەرەبەیان ئاژەڵەکانی بۆ ئاودان هێناوە. بەڵام هەموویان لەناکاو [لە بەرزاییەکەوە] چوونەتە خوارەوە و شوانەکەش نەیتوانیوە پێشیان بگرێت. هەموویان بەسەر یەکدیدا کەوتوون و مردار بوون."
 
هاوکات شاهین کاپلام، یەکێکی دیکە لە  مەڕدارەکان دەڵێت، ''ئێمە چوار براین. 200 مەڕمان هەبوو و ئێستا 180 سەریان مردار بوون. تەنیا 20ـیان ماون."
 
تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانی ناوچەی شاخ دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
 
مەڕدارەکان دەڵێن زیانێکی، زۆریان بەرکەوتووە و داوا لە بەرپرسان دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە.