سەردار عەبدوڵڵا: دەبێت جیهان دان بە ئیرادەی میللەتی کورددا بنێت

رووداو - سلێمانی

ئەندامێکی پێشووی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی نەهاتنی شاندی وڵاتان بە بیانوی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە رێوڕەسمی هێناوە و بەخاکسپاردنی تەرمی مام جەلال دەڵێت: "ئێمە ئاڵای خۆمان هەیە، ئەو ئاڵایەش ئاڵای میللەتێکە کە دەبێت جیهان چۆکی بۆ دابدات و دان بە ئیرادەکەیدا بنێت، جیهان هیچ رێگایەکی لەبەردەم نییە جگە لەوەی بێت و مامەڵە لەگەڵ ئیرادەی گەلی کوردستاندا بکات و قبوڵی بکات".

رۆژی شەممە 7-10-2017 یەکەم رۆژی پرسە و سەرەخۆشی مام جەلال لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو. لەکاتی بەشداریکردنی لە پرسەکەی لە شاری سلێمانی، سەردار عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا، لەبارەی بەشدارینەکردنی بەلێشاوی وڵاتانی دەوروبەر و دراوسێ بەهۆکاری ئەوەی گوایە لەبەر دانەنانی ئاڵای عێراق بووە، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئەو قۆاناخانە تێپەڕێنین، کێ دێت بۆ لامان بە ئاڵای خۆمانەوە، کێش نایێت ئازادە".

سەردار عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە بەرامبەرمان ئیستفزاز دەکەین، یان وڵاتان ئیستفزاز بکەین، بەڵکو بەو مانایەیە ئێمە ئاڵای خۆمانمان هەیە، ئەو ئاڵایەش ئاڵای میللەتێکە کە دەبێت جیهان چۆکی بۆ دابدات و دان بە ئیرادەکەیدا بنێت".

ئەندامەکەی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا دەشڵێت: "ئێمە سواڵی هاتنی شاندەکان ناکەین، شاندەکان کە دێن، ئەمە ئەرکی خۆیانە، ئەگەر ناشهێن نابێت بابەتەکە وا گەورە بکەین کە نەهاتنی ئەوان بەومانایەیە کە دەستبەرداری گەلی کوردستان دەبن، ئەوەی وڵاتان بە کوردستان دەبەستێتەوە تەنیا بۆنەکان نین، بەڵکو بەرژەوەندییەکانن".

بەبڕوای سەردار عەبدوڵڵا، گرفت و خاڵی لاوازی ئەوان "ئەو پەرش و بڵاوییەیە کە لە نێوخۆی خۆماندا هەمانە، دۆخەکە بۆ ئێمە زۆر لەبارە، ئەو میللەتە دەتوانێت دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەستبێنێت، بەڵام دەبێت فریای ئەو شپرزەییەی نێخۆی خۆمان بکەوین، دەبێت پەلە لەو یەکڕیزییەش بکەین، پیلانی زۆر ترسناک هەیە، گرەویان لەسەر پەرتەوازەیی و دووگوتاری کورد و ئەو بۆڵەبۆڵە کردووە کە لە نێوخۆمان دەیکەین".

سەردار عەبدوڵڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان پێش ئەنجامدانی گشتپرسی تێبینییان هەبووە و قسەیان کردووە: "من یەکێک بووم لەوانەی پێموابوو حەقە دوایبخەین تاوەکو یەکڕیزییەکی باش دروست دەبێت، بۆئەوەی هەندێک دەستکەوتی پێ بەدەستبهێنین، بەڵام ئێستا گەلەکەم قسەی کردووە، ئیرادەی میللەتەکەمان بڕیاری داوە و سەربەخۆیی دەوێت، ئەرکی هەموومانە پێشمەرگانە وەکو جاران قۆڵی لێهەڵماڵین و دەستبەرداری هەموو دەستکەوت و مەسەلە شەخسی و حیزبییەکانی خۆمان بین لە چوارچێوەی ئەو ئیرادەیە و سەرخستنی، گرنگە ئیرادەی میللەتەکەمان سەربخەین و ئیرادەی ئەو میللەتە بسەپێنین بەسەر هەموو جیهاندا، لە ئەنجامدا جیهان هیچ رێگایەکی لەبەردەم نییە جگە لەوەی بێت و مامەڵە لەگەڵ ئیرادەی گەلی کوردستان بکات و قبوڵی بکات".

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح