بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز: تورکیا بەچڕی دوو گوند بۆردوومان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز رایگەیاند، تورکیا بەچڕی لە گوندی بادانە و زەردکاوا بۆردوومانی دەستیپێکردووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام بۆردوومانەکە لە جارەکانی دیکە چڕترە.
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر14:50 رۆژی هەینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنووری گوندەکانی بادانە و زەردکاوی لە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن بۆردوومان کرد، بەشێوەیەک کە تەنیا لە 20 خولەکدا سێجار بۆردوومانی سنووری ئەو دوو گوندەی کردووە.
سەبارەت بە زیانی بۆردوومانەکان بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز رایگەیاند، زیانی گیان نەبووە، تەنیا زیان بە سرووشت و ژینگەی ناوچە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە گەیاندووە.
لە رۆژی 4-10-2022ـەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنووری گوندەکانی پێنجوێن و شارباژێر بۆردوومان دەکات، رۆژی 4ـی مانگ بە درۆنێک ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەیش برینداربوو. بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەم دواییە بەشێک لە گوندنشینەکان ماڵەکانیان چۆڵکردووە.
هێمن ئیبراهیم رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش فڕۆکەکان بەبەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوورێنەوە و چاودێری دەکەن و بۆردوومانی ناوچەکە بەردەوامی هەیە.