نزیکەی 20 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کێشە لە کارتی بایۆمەترییاندا هەبووە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی کێشە لە کارتی بایۆمەترییان دا هەبووە، یان دەنگدەری گشتی بوون و چوونەتە نێو کەرتی سەربازییەوە و بوونەتە دەنگدەری تایبەت، کاروباری کارتەکانیان تەواو بووە و دەتوانن وەریبگرنەوە.
 
نەبەرد عومەر گوتی، "پێویستە ئەو دەنگدەرانە سەردانی نزیکترین ناوەند بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە، بەشێکیشیان کۆمیسیۆن خۆی پەیوەندییان پێوە دەکات."
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 124 هەزار و 312 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە وەزارەتی پێشمەرگەش 145 هەزار و 907 کەس.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە هەرێمی کوردستان کە کێشە لە کارتی بایۆمەترییان دا هەبووە، یان دەنگدەری گشتی بوون و بوونەتە دەنگدەری تایبەت، نزیکەی 20 هەزار کەسن.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدانەوە ناتوانن بەشداری بکەن.