وەزارەتی پەروەردە: پێشمەرگە و پۆلیس ناتوانن ببنە مامۆستا

رووداو دیجیتاڵ 

لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە، گوایە ئەو پێشمەرگانەی پسپۆریی پەروەردەییان هەیە دەتوانن دەوامەکەیان بگوازنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە و ببنە مامۆستا، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رەتیدەکاتەوە.
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوێکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە سەرۆکایەتی دیوان گشتاندنێک بکات بۆ وەزارەتە مەدەنییەکان، ئەوانەی پسپۆڕییەکانیان پەروەردەیین بە رەزامەندی فەرمانگە و وەزارەتەکەیان بە لە جێدادان (تەنسیب) بێنە سەر وەزارەتی پەروەردە".
 
لەبارەی گواستنەوەی پێشمەرگە بۆ وەزارەتی پەروەردە و بوونیان بە مامۆستا، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "لە نووسراوەکەدا داوامان بۆ فەرمانگە مەدەنییەکان کردووە، کەواتە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ناگرێتەوە".
 
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتەکانی دیکەدا و پسپۆریی پەروەردەییان هەیە، وەکو دەرچووانی کیمیا، فیزیا، بایۆلۆژی و بیرکاری، دەتوانن داوای گواستنەوە بکەن بۆ وەزارەتی پەروەردە.
 
لە ساڵی رابردوودا، بەهۆی یاسای خانەنشینیی عێراقەوە، هەزاران مامۆستا خانەنشین بوون و کەس لە جێگەیان دانەمەزراوە.