قایمقامی کۆیە: کەمبوونەوەی کارەبا بەهۆی چاکسازییە لە ژێرخانەکەی
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییانی قەزای کۆیە سکاڵا لە خراپیی دۆخی کارەبا دەکەن و دەڵێن، ماوەی دوو هەفتەیە رۆژانە کەمتر لە 8 کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێدەدرێت. قایمقامی قەزاکە دان بە خراپیی دۆخەکەدا دەنێت و وەزارەتی کارەباش هۆکارەکەی بۆ "چاکسازی لە ژێرخانی کارەبا" دەگەڕێنێتەوە.
ئاری حەسەن، دانیشتووی گەڕەکی ئازادی لە قەزای کۆیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە 20ی ئەیلوولەوە دۆخی کارەبامان زۆر خراپ بووە، کەمترین کارەبای نیشتمانی و زۆرترین کارەبای موەلیدەمان هەیە." گوتیشی، "کێشەکە بەردەوامە و رۆژی رابردوو زیاتر لە 16 کاژێر کارەبای نیشتمانی نەبوو."
تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە رادیۆی رووداوی گوت، ئاگاداری خراپیی دۆخی کارەبان، "نزیکەی دوو هەفتەیە دۆخی کارەبای شارەکە هاوشێوەی شارەکانی دیکە خراپ بووە. لەگەڵ وەزارەتی کارەبا قسەمان کردووە و پێیان راگەیاندووین، هۆکارەکەی چاکسازییە لە ژێرخانی کارەبا."
قایمقامی کۆیە گوتیشی، "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە بە زوویی کێشەکە چارەسەر بکرێت و دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە."
پێشتر وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 28ی ئەیلوولی 2024 بڵاویکردەوە، ئاشکرای کردبوو، بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لە ژێرخانی کارەبا لەلایەن تیمەکانی وەزارەت و کۆمپانیای دانەگاز، بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 150 ملیۆن پێ سێجا کەمدەکات.
وەزارەتی کارەبا ئەوەشی خستبووەڕوو، بەهۆی ئەو کەمبوونەوەیەی گازەوە، "بڕی 800 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانیی کارەبای هەرێمی کوردستان کەم دەکات." جەختیشی کردووەتەوە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر هێڵن بۆئەوەی بە زووترین کات دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.