عەممار حەکیم لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی گەیشتە هەولێر. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازیی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و شاندێکی یاوەری کردووە.
پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە".
ئومێد خۆشناو گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی سیاسیی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.
عەممار حەکیم، یەکێکە لە میوانەکانی دیداری مێری، کە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەستی بە چالاکییەکانی کرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.