دیداری مێری لە هەولێر؛ عێراق لەنێوان هاوبەشی نێودەوڵەتی و ئاڵنگارییە ناوخۆییەکاندا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم رۆژی دیداری مێری لە هەولێر، پانێڵێک بە ناونیشانی "هاوبەشی و پێشکەوتن: بەرپرسیارەتی عێراق بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" بەڕێوەچوو. لەم پانێڵەدا، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەلیسیا ریکۆ، باڵوێزی ئیسپانیا لە عێراق و کلێمێنس سێمنتەر، باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، بەشدار بوون. تیشکیان خستە سەر دۆخی جیۆپۆلەتیکی عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان.
 
گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی و رۆڵی ئەورووپا
 
ئەلیسیا ریکۆ، باڵوێزی ئیسپانیا لە عێراق جەختی لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پێگەی عێراق لەم نێوەندەدا کردەوە، باسی لە رۆڵی یەکێتیی ئەورووپا و ئیسپانیا وەکو هاوبەشێکی گرنگ بۆ عێراق کردەوە.
 
ریکۆ ئاماژەی بەوە دا، جیهان لە دۆخێکی دوو جەمسەرییەوە گۆڕاوە بۆ فرە جەمسەری و جەمسەری پارچەپارچە، ئەمەش وایکردووە هاوبەشییەکان بگۆڕێن.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا جەختی لە گرنگیی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ عێراقدا کردەوە کە لەسەر بنەمای "بەرگریکردن لە بنەمای یاسا، ئاشتی، دانوستاندن و گفتوگۆ دامەزرابێت."
 
ئەو یەکێتیی ئەورووپای بە "پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی ئاشتی لەنێوان ئەو وڵاتانەی کە دژی یەکتر جەنگابوون" وەسف کرد.
 
سەبارەت بە رۆڵی ئەورووپا لە عێراقدا، ریکۆ ئاماژەی بەوە دا، "ئەورووپا هاوبەشێکی زۆر گرنگە، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی یەکێتییەکەش بەهەمانشێوە و پێموایە ئێمە توانامان هەیە لەم ساتەدا لە عێراقدا رۆڵێکی گەورەتر بگێڕین."
 
باڵیۆزی ئیسپانیا، هەرێمی کوردستانی بە پێشەنگ زانی لە پێشکەوتن و کرانەوەدا و گوتی، "پێموایە هەرێمی کوردستان، بێگومان، بەهۆی دۆخی دوای ساڵی 1991ـەوە، دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە زۆر زیاتر پێشبکەوێت و نوێ ببێتەوە، زۆر کراوەتر بێت بەڕووی جیهاندا."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، "عێراق بەگشتی لە قۆناخێکی نوێ و ساتەوەختێکی نوێدایە،" پێویستە زیاتر سەرنج بخرێتە سەر "هاوبەشیی ئابووری و بازرگانی" و "بەهێزکردنی دامەزراوەکان، حوکمڕانیی باش و بونیادنانی دەستپاکی."
 
لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە، ریکۆ رایگەیاند، سەرەڕای بەشداریی ئیسپانیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەرکی ناتۆ، ئێستا سەرنجی سەرەکییان لەسەر لایەنەکانی دیکەیە، "ناڵێم کە سەرنجی سەرەکیمان لەسەر ئاسایش بووبێت... پێموایە ئێستا کاتی ئەوەیە بەڕاستی جەخت بکرێتەوە لەسەر ئەو چاکسازییە پێکهاتەییە گرنگانەی کە وڵات پێویستی پێیەتی. پێموایە، من بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئاماژە بە چاکسازیی ئابووری دەکەم."
 
باڵیۆز ریکۆ ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی عێراق، "بەهیچ شێوەیەک ئارەزووی گەڕانەوە بۆ هیچ جۆرە ململانێیەک نییە و دەیانەوێت عێراق لە ململانێ بەدوور بێت."
 
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان و هەڕەشەی داعش
 
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە قسەکانیدا باسی لە کارەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد و بەسەر چەند قۆناخێکیدا دابەشی کرد.
 
فەوزی هەریری رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەیلوولی 2003 دەستیپێکرد و بە چوار قۆناخدا تێپەڕیوە؛ قۆناخی یەکەم تاوەکو کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە 2012، کە تێیدا عێراق خاوەنی دیپلۆماتکاری بەتوانا بووە و پەیوەندیی کراوەی لەگەڵ جیهانی ئازاد هەبووە، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا، "لادانێکی دیاریکراو لە سیاسەتە بنەڕەتییەکە روویدا، کە کرانەوە، ئازادی، مامەڵەکردن لەگەڵ جیهانی ئازاد و هەبوونی ئابووریی ئازاد بوو."
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە دەستوەردانە نێوخۆییەکانی سیاسەتی دەرەوە گرت و گوتی، "لە عێراق، وەزیری دەرەوە 300 بەرپرسی هەیە. هەموو رۆژێک، سەرکردەیەکی پارتێکی سیاسی دەست لە سیاسەتی دەرەوە وەردەدات."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، فەوزی هەریری جەختی لەسەر گرنگیی "پەرەپێدانی باشترین جۆری پەیوەندیی دراوسێیانە" کردەوە.
 
لەبارەی سووریا، فەوزی هەریری داوای حکومەتێکی گشتگیری کرد و گوتی، "پێویستە کردەوەی ئەنجامدراو ببینین... حکومەتی نوێ دەبێت حکومەتێکی گشتگیر بێت."
 
هەریری هۆشداریی دا لەوەی "هەڕەشەی داعش کۆتایی نەهاتووە" و جیاوازیی بۆچوونی نێوان هەولێر و بەغدای لەو بارەیەوە خستەڕوو، "ئێمە پێمانوایە داعش هێشتا هەڕەشەیە. ئەوان پێیانوایە ئەو هەڕەشەیە چیدی نەماوە، یان هێزە ئەمنییەکان دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەوزی هەریری باسی لە متمانە و یەکڕیزیی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بێ متمانەیی هێشتا بوونی هەیە و لە ژێرەوە دەکوڵێت. ئەوە 90%ی ئەو ئەرکەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتی خۆی پێوە بەسەردەبات."
 
ئەوەیشی خستەڕوو، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، کار بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و بەرگریی هێزی پێشمەرگە دەکەن.
 
فەوزی هەریری ئاماژەی بەو هەڕەشانە کرد کە رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنەوە و گوتی، "وەکو دەزانن، تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر، بەبێ ئاگاداریی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، هێزگەلێک لەناوخۆی عێراقەوە هێرشیانکردە سەر سەرجەم دامەزراوەکانی راداری سوپای عێراق و بە تەواوی وێرانیان کردن. هەروەها هێرشیانکردە سەر ئامانجە نەوتی و ئابوورییەکانی عێراق و کوردستان."
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە بێدەنگیی حکومەتی فیدراڵی گرت و گوتی، "هیچ کەسێک لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە، لە کاتێکدا ئەوان بە تەواوی دەزانن کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەنجامدەران لە شوێنی خۆیانن."
 
فەوزی هەریری جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی بڕیارداندا کردەوە و روونیکردەوە، "ئەگەر بمانەوێت لەپشت حکومەتێکی عێراقییەوە یەکبگرین، پێویستە هەست بکەین بەشێکین لە پرۆسەی بڕیاردان، بەڵام ئێمە وا هەست ناکەین و سوننەکانیش هەمان هەستیان هەیە."
 
لەبارەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە بەشدارێکی کارا لە بەغدا، هەریری گوتی، "بێگومان هەوڵدەدەین، هەر بۆیەش بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە کە پارتە سیاسییەکان بوونێکی بەهێزتریان لە بەغدا هەبێت و ئامانجێکی زۆر هەماهەنگتریان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە ستراتیژییەکاندا هەبێت. رەنگە لەسەر پرسە بچووکەکان جیاوازیمان هەبێت، بەڵام لەسەر پرسە ستراتیژییەکان، دەبێت یەکڕیزی هەبێت."
 
یەکێتیی ئەورووپا و پاڵپشتیی گەشەپێدانی عێراق
 
کلێمێنس سێمنتەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، جەختی لە پابەندبوونی یەکێتیی ئەورووپا بە هاوبەشییەکی درێژخایەن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە کردەوە.
 
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ئاماژەی بەوە دا، یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای رێککەوتنی هاوبەشی و هەماهەنگیی ساڵی 2012 کار دەکات و ساڵانە نزیکەی نیو ملیار یۆرۆی لە پشتیوانیکردنی عێراقدا خەرج کردووە و گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا هاوبەشێکی زۆر جێی متمانە و بەردەوامە لەگەڵ عێراق و هەروەها لەگەڵ ناوچەکەشدا."
 
سێمنتەر جەختی لەوە کردەوە کە عێراق خەریکە لە قۆناخی سەقامگیریی دوای قەیران دەردەچێت و دەچێتە قۆناخی گەشەپێدانەوە. 
 
سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، سێمنتەر ئاماژەی بەوە کرد، "دەمانەوێت عێراقێکی سەقامگیر، ئاشتیخواز، یەکپارچە لە رووی جوگرافی و خاکەوە، دیموکراسی هەبێت، کێشەی کۆچ و پەنابەرانی نەبێت، و رووبەڕووی پرسی تووندڕۆیی تووندووتیژی ببێتەوە."
 
سێمنتەر پێیوایە عێراق دەستکەوتی بەرچاوی هەبووە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و سەقامگیرکردنی وڵات، "ئەم وڵاتە 6 ملیۆن ئاوارەی هەبوو. لەو 6 ملیۆنە، 5 ملیۆنیان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان."
 
سێمنتەر ئاماژەی بە ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، وەک کەرتی بانکی و گۆڕانی کەشوهەوا، کرد. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەبارەی "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق کردەوە.