وەزارەتی دارایی: شایستەی 6 مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی خانەنشینان دابەش دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شایستەی 6 مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی خانەنشینان دابەش دەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەم بڕیارە بەپێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابوورییە و قۆناخ بە قۆناخ خەرج دەکرێت."
 
لە راگەیێندراوەکە هاتووە: "ئەم شایستەیە ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە و تائێستا ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە."
 
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جار بە نووسراوی فەرمی داوایان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە شایستەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق خەرج بکات، بەڵام "تائێستا رەزامەندی لەسەر نەدراوە. بۆیە بڕیاردراوە سەرجەم ئەو شایستایانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت."
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
بەپێی بڕیای ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری، رۆژی چوارشەممە (08-10-2025) شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم ئەو خانەنشینانە بەشێوازی قۆناغ بە قۆناغ دابەش دەکرێت، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرکراوە و تائێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە.
 
شایەنی باسە چەند جارێک بە نووسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە ئەو شایستەیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق خەرج بکات، بەڵام تائێستا رەزامەندی لەسەر نەدراوە، بۆیە بڕیاردرا سەرجەم ئەو شایستانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.