پسپۆڕان لە دیداری مێری داوا دەکەن عێراق بە دیدگەیەکی نیشتمانییەوە چاکسازی لە کەرتی گازدا بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕان رۆژی سێشەممە لە کۆڕبەندی پەیمانگەی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (مێری) لە هەولێر رایانگەیاند، پێویستە عێراق کۆدەنگییەکی نیشتمانی دروست بکات و چاکسازی لە کەرتی وزەدا بکات بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و گەشەی ئابووری.
 
لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی " دەرفەتی وزە و دیپلۆماسی ئابووری لە عێراق: داڕشتنی ئایندەی ناوچەكە لە نێو گۆڕانکاری جیهانیدا"، نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسێنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی، رایانگەیاند، عێراق مەترسیی ئەوەی لەسەرە لە دواوە بەجێبمێنێت ئەگەر پلانی درێژخایەن دانەنێت و ململانێ سیاسییەکان کەم نەکاتەوە.
 
ملادینۆڤ گوتی، پێویستە عێراق وەک "یاریزانێکی دەستپێشخەر" لە ناوچەکەدا رۆڵ ببینێت، لەبری ئەوەی تەنیا کاردانەوەی بەرامبەر رووداوەکان هەبێت. ئەو بە ئامادەبووانی گوت: "پێش هەموو شتێک پێویستتان بە کۆدەنگییەکی نیشتمانییە لەسەر رێگەی داهاتوو. واتە بڕیاردان لەسەر ئەوەی لە 10 یان 20 ساڵی داهاتوودا چ جۆرە عێراقێکتان دەوێت، نەک تەنیا ئەوەی کێ چ پۆستێک لە حکومەتدا وەردەگرێت."
 
ئەو گوتی، پێویستە عێراق واز لەوە بهێنێت "گۆڕەپانی شەڕی ئەوانی دیکە" بێت و لەبری ئەوە خۆی وەک هاوبەشێکی هەرێمیی سەربەخۆ بسەلمێنێت. ملادینۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، کەمبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، لەنێویاندا نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران، دەرفەتێک بە عێراق دەدات کە خۆی وەک هێزێکی سەقامگیرکەر نیشان بدات، ئەگەر ناکۆکییە نێوخۆییەکان چارەسەر بکرێن.
 
عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسێنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی، تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییە یاسایی، ئەمنی و بیرۆکراسییانەی کە هێشتا رێگرن لەبەردەم وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی عێراقدا. ئەو گوتی: "زۆر گرنگە بەرچاوت روون بێت. وەبەرهێنەران پێویستە بزانن کە یاساکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکانگیر جێبەجێ دەکرێن."
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە بەرهەمهێنانی گاز گەورەترین دەرفەتی کەم بەکارهاتووی عێراقە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گازە هاوەڵەی تاوەکو ئێستا وڵاتەکە بەرهەمی دەهێنێتەوە، دەکاتە تەنیا نزیکەی یەک لەسەر شەشی توانای راستەقینەی خۆی.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسێنت پێترۆلیۆم پێیوایە، پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان دەتوانێت پێداویستیی نێوخۆیی کارەبا پڕبکاتەوە و پشت بەستن بە نەوت کەم بکاتەوە.
 
قازیش داوای لە عێراق کرد سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کەنداو وەربگرێت کە ئابوورییەکانیان هەمەجۆر کردووە و گوتی: "ئەگەر عێراق ئابوورییەکەی هەمەجۆر نەکات، ئالوودەی نەوت دەبێت. پێویستە حکومەت سەرنج بخاتە سەر دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان، نەک رکابەریکردنی کەرتی تایبەت."
 
ملادینۆڤ گوتی، هەموو پێشکەوتنێک بەندە بە ئیرادەی سیاسی و سەقامگیرییەوە. ئەو گوتی: "ناتوانێت حکومەتێک بێت دروست بکات و یەکێکی دیکە بێت بیڕووخێنێت. عێراق خاوەنی بەهرە و سەرچاوەیە، ئەوەی ئێستا پێویستییەتی، دیدگەیەکی هاوبەش و ئازایەتیی جێبەجێکردنە."