لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نێوان دیالە و بەغدا، 13 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نێوان دیالە و بەغدا، 13 کەس گیانیان لەدەستدا و شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی سەرپێچى کردووە و رووداوەکەی لێ کەوتووەتەوە، دەستگیرکرا.
 
سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 7ى تشرینى یەکەمى 2025 لەسەر رێگەی نێوان دیالە و بەغدا بووە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی دیالە، لەو رووداوەدا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە کە گەورە و منداڵیان تێدایە.
 
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژەی بەوەداوە کە رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوی و رۆیشتنی بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلێکەوە بووە، کە خۆی داوە لە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا.
 
رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری کیا کادینزا و هیۆندای ئەکسێنت بووە کە نۆ سەرنشینی هەڵگرتبوو.
 
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دیالە بە رووداوی راگەیاند: "شۆفێری ئۆتۆمبێلە سەرپێچیکارەکە دەستگیرکراوە".