پەیەدە لە حەلەب: گرووپە چەکدارەکانی هەمزات و عەمشات و ئاسایشی سووریا هێرش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پەیەدە و چالاکڤانێک لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەڵێن، ئاسایشی دیمەشق بە هاوکاری گرووپە چەکدارەکانی هەمزات و عەمشات هێرش دەکەن و هەموو جۆرە چەکێکی قورس بەکاردێنن.
محەممەد ئەمین عەلیکۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە حەلەب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانمان بە هەموو چەکێکی قورس بەردەوامە، ئاساشی گەڕەکەکان خۆیان و گەڕەکەکان دەپارێزن".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پەیەدە، "ماوەیەک بوو ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دروست دەکرا، دواجار دوای نیوەڕۆی دووشەممە نزیک کاژێر 04:00، رێگەکانی هاتووچۆی گەڕەکەکانیان لە هەموو دانیشتووان گرت، ئەوەش هۆکار بوو هەزاران کەس لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بڕژێنە سەر شەقامەکان".
محەممەد ئەمین عەلیکۆ گوتی: "ئەو گەمارۆدان و هێرشەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا دوورە لە بەها مرۆڤایەتییەکان، سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کرد، دواتر بە گولـلە رووبەڕووی خەڵک بوونەوە".
عەلیکۆ دەڵێت: "هێزی ئاسایشی پاراستنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رووبەڕووی هێزەکانی دیمەشق بوونەوەتە کە ناویان ئاسایشی گشتییە، بەڵام جارێکی دیکە لەگەڵ ئەواندا گرووپەکە چەکدارەکانی هەمزات و عەمشاتیش بە چەکی قورس هێرشی سەر گەڕەکەکان دەکەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پەیەدە لە حەلەب گوتی: "کورد لەو دوو گەڕەکە لە 7 بۆ 70 ساڵی بڕیاری خۆی داوە کە بەرخۆدان بکات، ئەوەی روودەدات لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە".
بە گوتەی محەممەد ئەمین عەلیکۆ، "بریندارەکان سڤیلن و هیچ ئەندامێکی هێزەکانی سووریا نەکوژراون و ئەو دەنگۆیانە درۆن کە سێ ئەندامی هێزەکانی دیمەشق کوژراون، بەو هەواڵانە دەیانەوێت رای گشتی بە لاڕێدا ببەن".
بەرپرسەکەی پەیەدە گوتیشی: "لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود هەموو کەسێک ئەو بڕیارەی داوە خۆی بپارێزێت و بەرخۆدان بکات".
عەلیکۆ ئاماژەی بە دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکان کرد و گوتی، 450 هەزار کەس تێیاندا دەژین و دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ژیانیان لە مەترسی جیدیدا دەبێت و گوتی: "شەڕ بەردەوامە و هێزەکانی پاراستنی گەڕەکەکان وەڵامیان دەدەنەوە".
بەگوێرەی قسەکانی ئەو بەرپرسەی پەیەدە، حکومەتی دیمەشق لە ئاڵۆزییەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بەرپرسیارە.
هەروەها دڵپاک حەسەن، چالاکڤان لە شێخ مەقسوود بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرووپەکانی عەمشات و هەمزات لەگەڵ ئاسایشی سووریا پێکەوە هێرش دەکەن و هێزەکانی پاراستنی گەڕەکەکانیش بەرخۆدان دەکەن".
دڵپاک حەسەن گوتی: "خەڵک چوونەتەوە ماڵەکانیان و دەنگی ئاڕ پی جی و چەکی جۆراوجۆر دەبیسترێت".
ئەو چالاکڤانە پێیوایە "ئامانجی هێرشەکان ئەوەیە خەڵکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کۆچبەر ببن یان بکوژرێن".