ناوچەی ئازادی بازرگانی سەڵماس دوای 24 ساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
رووداو - ورمێ
دوای ساڵانێکی زۆر پرۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانی و ئابووری سەڵماس لە پارێزگای ورمێ خەریکە ئاسۆی هیوایەکی بۆ دەکرێتەوە.
ئەم پرۆژەیە دوای چەندین ساڵ بە شارەوانی سەڵماس دراوە و بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی سەڵماس لەو کاتەوە کۆمەڵێک دانووستان بۆ راکێشانی سەرمایەگوزار و ئامادەکردنی ژێرخانەکانی پرۆژەکە، ئەنجام دراوە.
قایمقامی سەڵماس لەمبارەیەوە دەڵێ: هەموو ئامادەکارییەکان کراون و ئێستا چاوەڕێین ئەنجوومەنی باڵای ناوچە ئازادەکان بڕیارەکەمان پێ رابگەیەنێت. بەگوتەی مەسعود حاج عەلیلوو، ئەمساڵ سەرمایەگوزارانی چینی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و هەرکاتێک قۆناغی جێبەجێکردنی دەستپێبکات بوار بۆ هاتنی سەرمایەگوزارە ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ سەرمایەگوزاری دەڕەخسێت.
ناوچەی ئازادی بازرگانی سەڵماس 24 ساڵ پێش ئێستا بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە. دواتر ساڵی 1997 سەرۆک کۆماری ئەو کات بەڵێنی دا پرۆژەکە جێبەجێ بکرێ. بەڵام ئەو بڕیارەش تاوەکو ساڵی 2008 پشتگوێ خرا. تاوەکو دیسان ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو بڕیارەش هەرگیز جێبەجێ نەبوو.
ناوچەی ئازادی بازرگانی و ئابووری سەڵماس بەهۆی هەڵکەوتی جوگرافیاییەوە، پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەو پڕۆژەیە تاساڵی رابردوو پرۆژەیەکی حکومیی بوو، بەڵام نزیکەی ساڵێکە بە کەرتی تایبەت سپێردراوە. بەگوتەی جێگری پارێزگاری ورمێ، لەو ماوە کەمەشدا کاری زۆر باشی بۆ کراوە.