سێ مانگ مۆڵەت دراوەتە هۆڵەکانی کەرکووک

رووداو دیجیتاڵ 

بەرگریی شارستانیی کەرکووک رایدەگەیێنیت، سێ مانگ مۆڵەتیان داوەتە هۆڵی بۆنەکان بۆ ئەوەی کەموکورتییەکانیان نەهێڵن. 
 
عەقید رامی سەباح، بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەرکووک رۆژی دووشەممە، 06-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای کەرکووک 22 هۆڵی بۆنەکان هەن کە 20یان کاردەکەن و دووەکەی دیکە داخراون. بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، 20 هۆڵیان پشکنیوە و پێویستییەکانیان دیاریکردوون.
 
بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەرکووک دەڵێت، سێ مانگ مۆڵەتیان داوەتە هۆڵەکان تاوەکو پێویستییەکان و مەرجی سەلامەتی جێبەجێ بکەن و سەرپێچییەکان لابدەن، وادەکەش لە کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت.
 
سەبارەت بە مەرجەکانی سەلامەتی، عەقید رامی سەباح گوتی، لابردنی سەندویچ پەنەڵ، دانانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، دانانی ئاوپڕێژن، کردنەوەی زیاتر لە دەرگایەکی فریاکەوتن، لابردنی مادە گڕگرەوکان، لابردنی پەردەی هۆڵەکان، دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لە هەر هۆڵێک ئامادەبن. 
 
بەڕێوەبەری بەشی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کەرکووک  جەخت لەوەدەکاتەوە، زۆربەی هۆڵەکان بەبێ ئاگاداری بەرگری شارستانی کراونەتەوە، بەڵێننامەیان بە خاوەن هۆڵەکان پڕکردووتەوە کە لەماوەی سێ مانگ سەرپێچییەکان چارەسەر بکات .
 
عەمید خالد سەروەت، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستاینی نەینەوا رۆژی یەکشەممە، 05-11-2023ی لە پرۆگرامی نووڕۆژی رووداودا رایگەیاند، بەرگریی شارستانی بەدواداچوون بۆ سەرجەم پڕۆژەکان دەکات، کە ئایا مەرجی سەلامەتییان تێدایە یان نا، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەکانی بۆ سێ پۆل دابەشکردووە (ئەلف، با و جیم). هەر باڵەخانە و دامەزراوەیەک کە دروستدەکرێت دوو دەرخستە و پشکنینی بۆ دەکرێت، لە دەرخستەی یەکەم تێبینییە نەرێنییەکان تۆمار دەکرێن، دوای شەش مانگی دیکە دەرخستە و پشکنینی دووەمی بۆ دەکرێت بە دواداچوونی کارەکان و چارەسەرکرنی کەموکورتییەکان دەکرێت.
 
پرۆژەی ئەلف، پرۆژە گەورە ستراتیژییەکان دەگرێتەوە، وەکو کارگە و دامەزراوە و نەخۆشخانەکان. پرۆژەی بێ، چێشخانە، هۆتێل، وێستگەکانی سووتەمەنی و هۆڵەکان دەگرێتەوە. هەرچی پۆلی جیمە، پرۆژە سادە و ئاساییەکان دەگرێتەوە.
 
عەمید خالد سەروەت دەڵێت، دوای رووداوەکەی حەمدانیە، گەڕان و پشکنینی فراوان بۆ هەموو پرۆژەکانی نەینەوا دەستیپێکرد، سەرنج و تێبنییەکان جێگیر کران، سەرەتا هەموو ئەو پرۆژانە داخران کە سەرپێچییان تێدابوو و رێکاری یاسایی گیرایەبەر. 160 پرۆژە لە نەینەوا مەرجی سەلامەتییان تێدا نەبووە، تائێستاش هەڵمەتەکانیان لە تەواوی پارێزگاکە بەردەوامە.
 
عەمید خالد سەروەت دەڵێت، 150 هۆڵ و ژمارەیەکی زۆر پرۆژە داخراون، بەڵێننامە بە خاوەنەکانیان پڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگدا کەموکورتییەکانیان چارەسەر بکەن، مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی مەرجەکان پرۆژەکە دادەخرێت، لەوانە دانانی ئاگرکوژێنەوە. نابێت مادەی گڕگرتوو بەکاربێت وەک ئەلیکۆبۆن و ساندەوچ پەنەل، سیستمی ئاگادارکردنەوە هەبێت لە دژی دووکەڵ و هاوشێوەکانی، سسیتمی ئاگرکوژێنەوە و هەموو کەرەستەکانی خێرا کۆنترۆڵکردنی ئاگری تێدابێت.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی نەینەوا جەخت لەوەدەکاتەوە، "هیچ پرۆژەیەک مۆڵەتی دامەزراندنی پێنادرێت، تاوەکو بەرگریی شارستانی رەزامەندی لەسەر نەدات، پێویستە  هەموو مەرجەکانی سەلامەتی تێدابێت."
 
شەوی 26-09- 2023، ئاگر لە هۆڵێکی بووکگواستنەوە لە قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە، بەهۆیەوە 132 کەس گیانیان لەدەستدا و 150ی دیکەش برینداربوون، تائێستا زیاتر 60 بریندار لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک چارەسەر وەردەگرن و 12 برینداریش لە نەخۆشخانەکانی تورکیان.