رووداو خشتەى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە؛ بانگەشە 40 رۆژە

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن 40 رۆژ دەبێت و ئەو کارتانەى دەنگدان کە دابەش نەکراون دەگەڕێندرێنەوە بەرپرسێکى کۆمیسیۆن دەڵێت: "کردنەوەى دەرگاى ناوتۆمارکردنى بەربژێر و هاوپەیمانیێتیەکان دواخراوە بۆ سەرەتا مانگى کانوونى یەکەمى داهاتوو."
 
تۆڕى میدیایی رووداو خشەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى دەستکەوتووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە بەگوێرەى زانیارییەکان بەشێکى کەوتوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەشێکى دیکەى ئەگەرى گۆڕانکارى تێدایە. 
 
رۆژی 7ى تشرینى دووەمى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زۆربەی ئەو هەنگاوانەى کە لەو خشتەیەدا هاتوون کە پەیوەندى بە رۆژانى پێشووەوە هەیە جێبەجێنەکراون، بەڵام هەندێکى دیکەشى ماون یەکلا بکرێنەوە".
 
جومانە غەلاى گوتى :"بەشێک لەو وادانەى دیاریکراون لەخشتەکەدا، ئەگەرى دەستکاریکردنى هەیە، هەرچەندە کۆمیسیۆن کارى بەخشتەکە کردووە، بەڵام بڕیارە بەم نزیکانە ئەنجوومەنى کۆمسیاران لەسەر ئەو خشتەیە کۆببنەوە و بۆ دواجار راستاندنى بۆ بکەن، کە ئەگەر هەیە دەستکارى بەشێک لە وادەکان بکات".
 
بانگەشەی هەڵبژاردن
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ى شووباتى 2024 دەکرێت، کە دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت دەکرێت.
 
بەگوێرەى خشتەکە، لە نێوان 13ى کانوونى دووەم تاوەکو 21ى شوباتى 2024، بانگەشەى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
لەخشتەکەدا کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 22ى شوباتى 2024ى دیاریکردووە بۆ راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، واتە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان بانگەشە رادەگیرێت
 
تیروپشکى کارمەندان
 
بڕیارە لە 10ى تشرینى دووەم  لیژنە بۆ دیاریکردنى کارمەندانى دەنگدان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێکبهێندرێت و لەدواى 10 رۆژ شێوازى وەرگرتنى ئەو کارمەندانە ئامادە دەکرێن و راستاندنى بۆ دەکرێت، لە یەکى کانوونى یەکەمى 2023، بانگەواز بۆ پێشکێشکردنى داواکارى دەکرێت بۆ کارکردن وەک کارمەندى دەنگدان، لە 25ى کانوونى یەکەمیش تیروپشک بۆ وەرگرتنى ئەو کارمەندانە دەکرێت.
 
لەدواى مەشقپێکردنى ئەو کارمەندانە کە کاتیى دەبن بۆ دوو رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە پێنجى شوباتى 2024 بەسەر ناوەندەکانى دەنگدان دابەشدەکرێن.
 
لە 11ى تشرینى دووەم ئامادەکارى بۆ هەڵمەتى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بۆ هۆشیارکردنەوە و هاندانى دەنگدەران دەکرێت،لە 10ى کانوونى دووەمى 2024  هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەکە دەستپێدەکات.
 
پشکنینى ئامێرەکان 
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆن، لەیەکى تشرینى دووەمى 2023، دەست بە کاراکردنى لیژنە ناوەندى و لاوەکییەکانى چاککردنەوەى ئامێرەکان کراوە بۆ رۆژى دەنگدان و لە 24ى کانوونى یەکەمى 2023 ئامێرەکانى دەنگدانى ئەلیکترۆنى دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەندەکانى دەنگدان. 
 
رۆژانى 27ى کانوونى یەکەمى 2023 و پێنجى کانوونى دووەمى 2024 دوو پرۆسەى ئەزموونى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت.
 
لەنێوان یەکى کانوونى یەکەم تاوەکو 9ى کانوونى دووەمى 2024 دەبێت سەرجەم کارتەکانى بایۆمەترى دەنگدان لە دەرەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق، بەمەبەستى دابەشکردنى بەسەر دەنگدەراندا. تاوەکو 22ى شوباتى 2024 هەر کارتێکى دەنگدان دابەشنەکرابوو، دەبێت بگەڕێندرێتەوە.
 
لە نێوان یەکى کانوونى یەکەمى 2023 تاوەکو 7ى کانوونى یەکەم ناوى دەنگدەرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەسەر ماڵپەڕى ئەلیکترۆنیى کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، تاوەکو 12ى هەمان مانگ ئەنجوومەنى کۆمسیاران راستاندن بۆ تۆمارى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان دەکات.  
 
وادەیەکى دواخراو
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەبووایە  لە دووى تشرینی دووەم تاوەکو 21ى تشرینى دووەمى 2023 دەرگاى ناو تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێتەوە.
 
هەروەها دەبووایە تاوەکو 4ى کانوونى یەکەم لیستى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رادەستى کۆمیسیۆن بکرێت بەمەبەستى وردبینی، بەڵام ئەو دوو وادەیە دواخراون و لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەستکارى دەکرێن. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە یەکى کانوونى یەکەمى داهاتووەوە دەرگاى تۆمارکردنى ناوی پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستپێدەکات.
 
سەبارەت بەهۆکاری دواخستنەکەش، عیماد جەمیل گوتى: "دەبووایە لەم مانگەدا ئەو ناو تۆمارکردنە دەستپێبکات، بەڵام بەهۆى سەرقاڵى کۆمیسیۆن بە ئامادەکارى ھەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پرۆسەکە دواکەوت."