پرۆژەی ڤیژن پێداویستیی 512 قوتابخانەی لە ئیدارەی سۆران دابینکرد
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئێجوکەیشن پێداویستیی سەرەکیی پەروەردەیی گەیاندە زیاتر لە 512 قوتابخانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی سۆران. بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکیش دەڵێت، بەشێکی زۆر لە کەموکورتییەکەمان چارەسەر بوون.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئێجوکەیشن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێداویستی سەرەکیی 512 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی حکومی دابینکرد، کە زیاتر لە 70 هەزار قوتابی و ستافی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندنی سەرجەم قەزا و ناحیەکانی ئەو سنوورە لێی سوودمەندن.
پرۆژەکە رۆژی شەممە، 28-10-2023، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیێندرا و لە ماوەی پێنج رۆژدا چەندین پێداویستی بەسەر قوتابخانەکانی سنوورەکە دابەشکران.
پێداویستییەکان بریتین لە 1220 وایت بۆرد، 1450 سۆبە، 575 دۆڵاب، 306 لاپتۆپ، 235 داتاشۆ، 170 پاکێجی کەلوپەلی وەرزشی و 38 پاکێجی یاری منداڵان.
پێداویستییەکان بەمشێوەیە بەسەر ناوچەکاندا دابەشکران؛ مێرگەسۆر 176 ناوەندی پەروەردەیی، سۆران 110 ناوەندی پەروەردەیی، چۆمان 66 ناوەندی پەروەردەیی، سیدەکان 53 ناوەندی پەروەردەی و رواندزیش 44 ناوەندی پەروەردەیی.
پرۆژەکە لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانییەوە دامەزراوە، ئامانجی سەرەکی ڤیژن ئێجوکەیشن، دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و تەندروستی فێربوون و خوێندنە بۆ هەموو قوتابییانی کوردستان، بێ جیاوازی.
بەیار ساڵح ئەسعەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی مەزنێی ئێواران دوای ئەوەی پێداویستییەکانیان لەلایەن کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن پێگەیشت، گوتی، ئەو پێداویستییانە بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانیان پڕدەکاتەوە و هیوای خواست بەردەوامبن لە هاوکارییەکانیان بە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات، بەڕێوەبەری قوتابخانەی کەونەگوندی تێکەڵاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی مێرگەسۆر سوپاسی کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و دەڵێت: "سوپاسی کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن دەکەین لەژێر سەرپەرشتی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بۆ هاوکاریکردنی قوتابخانەکەمان و دابینکردنی بەشی زۆری پێداویستییەکانمان".
کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن، کۆمپانیایەکی نێوخۆییە تایبەت بە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنە، کە خاوەنی چەندین دامەزراوەی پەروەردەییە و لە 2018 لە هەولێر دامەزراوە ، کاردەکات بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنی و پێشخستنی وڵات لە رێگەی پەروەردە و خوێندنەوە.
پێشتر حەسەن محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران لەبارەی پرۆژەی ڤیژن ئێجوکەیشن رایگەیاندبوو؛ "دابینکردنی ئەو کەلوپەلانە، گرنگیی خۆی هەبوو و کەلێنێکی زۆر لە کەموکورتیی قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمانی دابینکرد. داواش لە کۆمپانیاکە و رێکخراوەکانی دیکە دەکەین هاوکارمان بن بۆ ئەوەی ئەو کەموکورتییانەی کە هەن نەهێڵین و پەرە بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بدەین لە سنوورەکەمان".