یەکێک لە بریندارەکانی ئاگرەکەی گوێڕ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە بریندارەکانی ئاگرەکەی رۆژی یەکشەممەی سنووری گوێڕ کە خەڵکی دهۆکە گیانی لەدەستدا؛ برایەکیشی کە لە هەمان رووداودا سووتابوو تەندروستیی ناجێگیرە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە, 7ـی تشرینی دووەمی 2023، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکێک لەو کەسانەی لە ئاگرەکەی سنووری گوێڕ بریندارببوو، گیانی لەدەستدا.
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئیسماعیل ئەحمەد عەلیە و تەمەنی 39 ساڵە و خەڵکی دهۆکە. کاروان میراودەلی دەڵێت، مەهدی کە برای ئەحمەدە و لە رووداوەکەدا سووتابوو، تەندروستیی ناجێگیرە.
 
رۆژی یەکشەممە 5-11-2023، ئاگر لە پاڵاوگەیەک لە گوندی قادریەی سنووری گوێڕ کەوتەوە، بەهۆیەوە چوار کەس سووتان. جگە لەو دوو هاونیشتمانییەی دهۆک، دوو هاووڵاتییەکەی دیکە عەرەب بوون و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریی پزیشکدان.
 
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو لە سنووری هەولێر زیاتر لە هەزار و 720 ئاگر کەوتوونەتەوە، لە ئەنجامیاندا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.