170 کوردی ئێزدی گەڕانەوە شنگال
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، 170 کوردی ئێزدی لە کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆکەوە گەڕانەوە شنگال.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، رۆژی سێشەممە، 7-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بە هاوکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، 170 کوردی ئێزدی لە کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆکەوە گەڕانەوە شنگال.
دوێنێ دووشەممەش نزیکەی 480 کوردی ئێزدی لە کەمپی شاریا گەڕانەوە شنگال.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی، وەک هاندان و هاوکاری، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، هەزار و 400 دۆلاری داوەتە هەر خێزانێکی گەڕاوە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە عێراقدا هیچ کەمپێکی ئاوارە نەماوە. کەمپی ئاوارە تەنیا لە هەرێمی کوردستان ماوە. کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ کراوەتە سەنتەری شیاندنەوەی ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش و چەند مانگێک لەوێ دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان".
لەبارەی ژمارەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، عەلی عەباس، کە هاوکات بەرپرسی لقەکانە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، گوتی، "26 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا هەن".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 664 هەزار کەسی ئاوارە هەن؛ 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکانن و زیاتر لە 174 هەزار ئاوارەش لە 26 کەمپدا نیشتەجێن. ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشت و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
عەلى عەباس گوتى، "بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، تاوەکو ئێستا 18 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى گەڕاونەتەوە قەزاکە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى هێرشی داعش و داگیرکردنى قەزاى شنگالەوە 80%ـی ژێرخانى قەزاکە و70%ـی خانووەکانى رووخاون.